پوورزایەکی بەشار ئەسەد دەستگیر کرا

31-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی نوێی سووریا دەڵێن، پوورزایەکی بەشار ئەسەدیان بەناوی عاتف نەجیب دەستگیر کردووە. ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو کەسە لە سەردەمی بەشار ئەسەددا بەرپرسی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە بووە.
 
رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە عاتف نەجیبیان لە شاری لازقیە دەستگیر کردووە.
 
عاتف نەجیب لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا سەرۆکی "دەزگای ئاسایشی سیاسیی" دەرعا بووە لە باشووری سووریا.
 
ئەو کەسە بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە سووریا تۆمەتبارە، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاشەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.
 
رۆژی 27ی مانگی رابردووش رەشا خازم، هاوژینی دورەید ئەسەدی ئامۆزای بەشار ئەسەد، لەگەڵ کچێکی لە فڕۆکەخانەی بەیرووتی لوبنان بە پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیر کران.
 
میدیای سووریا ئەو کاتە بڵاویکردەوە، رەشا خازم و شەمسی کچی بە قاچاخ لە سووریاوە چوونەتە لوبنان و ویستوویانە لەوێوە بچنە میسر.
 
رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی چوونە دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەشار ئەسەدیان لە دەسەڵات لادا.
 
29ى کانوونى دووەمى 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بڕیاریدا ئەحمەد شەرع بۆ قۆناخى راگوزەر بکاتە سەرۆکى ئەو وڵاتە، هەروەها پەرلەمان، حیزبى بەعس و سوپاى سووریاى هەڵوەشاندەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە