حیزبى شیوعیى یەکگرتووى سووریا: بڕیارى هەڵوەشاندنەوەمان پێچەوانەى بەڵێنەکان بوو

31-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبى شیوعیى یەکگرتووى سووریا هەڵوەشاندنەوەى لەلایەن ئیدارەى نوێى سووریا بە "ستەم" دەزانێت و دەڵێت: "پێچەوانەى بەڵێنەکانیان بوو." 
 
مەکتەبی سیاسیى ئەو حیزبە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئیدارەى نوێى سووریا بڕیاریداوە حیزبە بەشداربووەکانى بەرەى نیشتیمانیی پێشکەوتنخوازى سووریا هەڵبوەشێنێتەوە، کە حیزبەکە یەکێک لە ئەندامانی بەرەکە بووە.
 
حیزبى شیوعیی یەکگرتووى سووریا دەڵێت: "ئەو بڕیارە ناڕەوایە و پێچەوانەى ئەو بەڵێنانەیە کە ئیدارەى ئێستاى سووریا لە گوتارەکانیدا داویێتى بەوەى تاکڕەوى بە دەسەڵاتەوە ناکات و کار لەسەر کۆکردنەوەى سووریاییەکان دەکات."
 
چوارشەممە 29ـی کانوونى دووەمى 2025، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا چەند بڕیارێکى دەرکرد لەوانە هەڵوەشاندنەوەى حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانیی پێشکەوتوو، کە 7 حیزب لەخۆدەگرێت و حیزبى شیوعیی یەکگرتووى سووریا یەکێک لە پێکهێنەرانى بوو.
 
حیزبى شیوعیی یەکگرتووى سووریا رایگەیاندووە، "هەڵوەشاندنەوەى حیزبە سیاسییەکانى نێو بەرەى نیشتمانیی پێشکەوتنخواز لەگەڵ خواست و ویستى گەلى سووریا یەکناگرێتەوە بۆ سیستمێکى دیموکراتى مەدەنى و بونیاتنانى سووریاى نوێ پەکدەخات." 
 
حیزبى شیوعیی یەکگرتووى سووریا داوا لە بڕیاربەدەستان نوێی سووریا دەکات لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە.
 
پارتی شیوعیی سووریای یەکگرتوو پێناسەی خۆی بەو شێوەیە کردووە: "یەکێتییەکی خەباتی خۆبەخشی هاووڵاتییانی سووریایە، کە لە سیاسەتەکەیدا گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان دەکات و خەبات دەکات لە پێناو رزگارکردنی گۆلان و هەموو خاکە داگیرکراوە عەرەبییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بیری تەکفیری و بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی."
 
ئەو حیزبە لە ساڵی 1986 لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی نێو کۆنگرەی شەشەمی حیزبی شیوعی سووریا، جیابووەوە. لە دوایین خولی پەرلەمانی سووریا، کە چوارشەممەی رابردوو هەڵوەشێندرایەوە سێ نوێنەری هەبوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە