خەڵکی دیمەشق پێشوازی لە دەستنیشانکردنی ئەحمەد شەرع بە سەرۆک دەکەن

31-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 24 ساڵ لە دەسەڵاتی ئەسەد، خەڵکی سووریا سەرۆککۆمارێکی نوێیان هەیە. چاوی هەمووان لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری وڵاتە. 
 
چوارشەممە پۆستەکەی وەرگرت و پێنجشەممە بۆ یەکەمین جار وەک سەرۆککۆمار پێشوازی لە سەرکردەیەک کرد، کە  شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بوو. 
 
خەڵکی دیمەشقی پایتەخت کە پێشوازی لە دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمارە نوێیەکەیان دەکەن، هێشتا هەست بە بۆشایی سیاسی دەکەن. 
 
لوئەی عەواد، دانیشتووی دیمەشق دەڵێت: "پێویستە هەموومان لەم قۆناخە راگوزەرەدا پێکەوەکاربکەین بۆ ئەوەی وڵاتێکی دەستووری دابمەزرێنین. ئێمە وەک گەل نامانەوێت زۆردارێکی دیکە دروست بکەین لە کاتێکدا تازە لە بەشار رزگارمان بووە. با هەموومان هاوکاربین بۆ ئەوەی لە دەستووری نوێدا دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار روون بن. ماوەکەی تەنیا دوو خوول بن و نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆککۆمار."
 
لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆشیارییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەحمەد شەرع بەڵێنی خۆی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی سیاسی، رێکخستنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی، پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەری فرەلایەن و لە کۆتاییدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەجێبگەیێنێت، هیوایەک بۆ نێوخۆی سووریا گەڕاوەتەوە. 
 
ئەیهەم قاڵە، دانیشتووی دیمەشقە و باس لەوە دەکات: "هیوادارین ئەم قۆناخە راگوزەرە هەڵقوڵاوی ویستی گەل بێت، هەروەها ئومێدمان وایە سەرۆک بە هەڵبژاردن دەستنیشانبکرێت و دواتر هەڵبژاردنی فراوان بکرێت تاوەکو حکومەت هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لەخۆبگرێت."
 
بە گوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشبینیی پەنابەرە سووریاییەکانیش لە دەرەوەی وڵات بە سووریا زیادبووە، بە جۆرێک کە ئێستا 30٪یان حەزیان لێیە ئەمساڵ بگەڕێنەوە، لە کاتێکدا پێش رووخانی ئەسەد، ئەو رێژەیە نزیک بوو لە سفر. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە