رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، فەرماندەیەکی باڵای گرووپی حوراسەدینی سەر بە قاعیدەیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوشتووە.
سێنتکۆم، بەرەبەیانی رۆژی 31-01-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە: "سێنتکۆم لە 30ی کانوونی دووەم، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، محەممەد سەلاح ئەلزەعبیر، فەرماندەی باڵای رێکخراوی تیرۆریستی حوراسەددینی سەر بە قاعیدەیان کردە ئامانج و کوشتیان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، "ئەم هێرشە ئاسمانییە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی سێنتکۆم، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ تێکدان و لاوازکردنی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش دژی هاوڵاتیان و کەسانی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی."
هەروەها ژەنەراڵ مایکڵ ئەریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند: "سێنتکۆم بەردەوام دەبێت لە راوەدوونان و کوشتن یان دەستگیرکردنی تیرۆریستان و پاراستنی نیشتمانەکەمان دژی ئەو گرووپانەی پلان دادەنێن بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان".
گرووپی حوراسەددین، گرووپێکی چەکداری پەرگیرە، کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای قاعیدە دامەزراوە و لە سووریا چالاکی دەکات. ئەم گرووپە لە ساڵی 2018دا دامەزراوە و پێکهاتووە لە چەند گرووپێکی جیابووەوەی بەرەی نوسرە.
سەرەتا ئەم گرووپە لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا دەستی بە چالاکی کرد و دواتر لە ناوچەکانی دیکەی سووریا بڵاوبووەوە. حوراسەددین بە یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی قاعیدە لە سووریا دادەنرێت و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتی قاعیدەدا هەیە.
ئەم گرووپە، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ