دەستەی تەحریری شام دەڵێت چەکدارەکانی چوونەتە نێوەڕاستی حەما
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی دەڵێن بەرەو شاری حەما پێشڕەوییان کردووە و سوپای حکومەتی سووریا لە شارەکە کشاوەتەوە، بەڵام میدیای فەرمیی حکومەت رەتیدەکاتەوە سوپا کشابێتەوە.
سەرچاوە خۆجێییەکانیش دەڵێن، هێزەکانی حکومەتی سووریا و رووسیا لە حەما کشاونەتەوە بۆ حمس.
دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری پارێزگەی حەلەب، ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024) گرووپە چەکدارەکان رایانگەیاند، بەرەو شاری حەمای نێوەڕاستی سووریا لە پێشڕەویدان.
دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی رایانگەیاند، سوپای سووریا لە شاری حەما "هەڵدێت"، بەڵام ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە دەڵێت، سوپا لە شارەکە نەکشاوەتەوە، بەڵکو لە باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەما خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە ئامادەکردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فڕۆکەی جەنگیی سووریا و رووسیا پێگەی گرووپە چەکدارەکان بۆردوومان دەکەن.
سەرچاوە خۆجێیەکان ڤیدیۆی کشانەوەی کاروانێکی هێزەکانی رووسیایان لە حەما تۆمارکردووە، کە بە گوتەی خۆیان، بەرەو شاری حمس چوون. هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازییان بڵاوکردووەتەوە کە بە گوتەی خۆیان، کاروانی سەربازیی سوپای سووریایە لە حەماوە بۆ حمس دەچن.
سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، تاوەکو ئێستا لانیکەم 14 گوند و شارۆچکەی حەما کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی.