هاونیشتمانییەک لە شەهباوە بۆ رووداو: کورد لە ناوچەکە لە جێگەی خۆی ماوە
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێک لە ناوچەی شەهبای رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، لە دوو شارۆچکەی سنووری حەلەب هێزەکانی حکومەتی سووریا کشاونەتەوە و هێزی کورد چووەتە جێگەکەیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە شەهبا و حەلەب، کورد لە جێگەی خۆی ماوە و کەس ئاوارە نەبووە.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤان لە شەهباوە میوانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد، گوتی "هەموو هێزەکانی حکومەتی سووریا کشاونەتەوە و بەرەو حەلەب جووڵەیان کردووە. ئێستا دۆخەکە ئارامە، بەڵام دیار نییە دواتر چی روودەدات."
ئیبراهیم شێخۆ گوتی، "دوای ئەوەی هەردوو شارۆچکەی نوبل و زەهرا لەلایەن سەربازانی سووریا و چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە چۆڵکران، هێزە کوردستانییەکان شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد."
بەگوتەی ئەو چالاکڤانە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەژێر ناوی "فەجر حوڕییە" دوو جار ویستوویانە هێرش بکەنە سەر تل رەفعەت، بەڵام فڕۆکەکانی رووسیا هێرشیان کردووەتە سەریان، لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەکداریان کوژران و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون.
ئیبراهیم شێخۆ لەبارەی هێزەکانی نێو شەهباوە دەڵێت، "هیچ هێزێکی حکومەتی سووریا ئێستا لە شەهبا نەماوە. ئەوەی ئارامی شارەکە دەپارێزێت هێزی کوردییە؛ گەنجانی عەفرینن کە ئێرە دەپارێزن."
ئەو چالاکڤانە باس لەوە دەکات، کورد لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، هەروەها لە شەهبا لە جێگەی خۆیان ماون و هیچ کەسێک ئاوارە نەبووە.
لەبارەی دۆخی نێو شاری حەلەبیشەوە ئیبراهیم شێخۆ گوتی، "تەحریری شام زۆرینەی گەڕەکەکانی حەلەبی کۆنترۆڵکردووە و چەند شوێنێکی کەم بەدەست حکومەتی سووریاوە ماوە. هەندێک شوێنیش لەژێر دەستی هێزی کوردیدایە."
لەبارەی رێگەی هاتووچۆی نێوان حەلەب و شەهبا، ئیبراهیم شێخۆ گوتی، رێگەکە لەژێر دەستی هێزی کوردستانیدایە و بۆ رووداو و بابەتی فریاگوزاری کراوەیە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و لە شەهباش خزمەتگوزاری وەک پێشترە و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە."
ئیبراهیم شێخۆ نەیشاردەوە ئەوەی مەترسییە لەسەر شەهبا و ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب، گەمارۆدانیانە و گوتیشی، "مەترسی ئەوە هەیە ناوچەکانمان گەمارۆ بدرێت، دوای ئەوە چی روودەدات، نازاندرێت."
ئەو چالاکڤانە گوتی، "دوای ئەوەی هێزی حکومەتی سووریا لە ناوچەکان دەکشێتەوە هێزی کوردستانی دەچێتە شوێنیان."