رووداو دیجیتاڵ
پارێزگەی حەلەب دووەم گەورەترین شاری سووریایە، ئیستا نیوەی شارەکە لەژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانییەتی.
سوپای سووریاش بەرەو رۆژهەڵاتی پارێزگاکە پاشەکشەی کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی پارێزگاکە، تەنیا هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناوچەکەدا ماون.
رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، "دەبینین ئەو جەنگە نێوخۆییەی سووریا کە لە 2011ـەوە دەستیپێکردووە، لە ناوچەیەی باکووری رۆژئاوای سووریا دەستی پێکردووەتەوە. ئایا ئەوە مانای ئەوەیە حکومەتی سووریا لەداڕماندایە؟ نەخێر، بەڵام دەکرێت مانای ئەوە بێت؛ جەنگ بەردەوام دەبێت تاوەکو تورکیا و رووسیا لەسەر ئاگربەستێکی نوێ رێکدەکەون."
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانیان رۆژی 29-11-2024 گەیشتنە دەوروبەری شاری حەلەب، لە رۆژئاوای شارەکەوە چوونە ژوورەوە. سەرەتا هەردوو گەڕەکی حەمدانییە و حەلەبی نوێیان کۆنترۆڵکرد، دواتر هەریەک لە گەڕەکەکانی بوستان زەهرە، بوستان قەسر، سەڵاحەددین، فیردەوس، کەلاسە، قەسیڵە، قەلعەت شەریف؛ زانکۆی حەلەب و قەڵای شارەکەیان گرت.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات، "کێوماڵکردن دەستیپێکردووە و پشکنین لە چەند ماڵێکی بەرپرسانی رژێم کراوە. هەر لە پێشڕەوییەکان دا 65 گوند و ناحیە کۆنترۆڵ کراون. سەواقر، یەکێکە لەو ناوچە ستراتیژییانەی کەوتووەتە ژێردەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەکەوێتە سەر رێگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق – حەلەب."
لە بەرامبەردا، فڕۆکەکانی رووسیا کە هاوپەیمانی حکومەتی سووریایە، زیاتر لە 24 جار بۆردوومانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانیان کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان دا، 183 چەکداری دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی؛ 100 سەربازی سوپای سووریا و 44 کەسی سڤیل کوژراون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش 15 هەزار کەس ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ