سووریا
گرووپە چەکدارەکانی دژی حکومەتی سووریا لە باکووری حەلەن لە 30-11-2024، وێنە: Bakr ALKASEM / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵی نیمچە ئارام و کەمبوونەوەی شەڕ و پێکدادان لە باکووری رۆژئاوای سووریا، جارێکی دیکە، گرووپە چەکدارە یاخییەکان دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر حکومەتی سووریا کردووە.
دەستەی تەحریری شام و ژمارەیەک گرووپی چەکداری هاوپەیمانی، رۆژی چوارشەممە لە رۆژئاوای حەلەبەوە دەستیان بە هێرش کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی شارۆچکە و گوندەکانی رۆژئاوای شارەکە، رۆژی شەممە، گرووپە چەکدارەکان رایەنگەیاند گەیشتوونەتە نێوەڕاستی شارە پیشەسازییە گرنگەکە.
چالاکڤانانی خۆجێی دەڵێن، سوپای سووریا بێ ئەوەی هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک پێشانبدات، کشاوەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرەتای هێرشەکەوە، سەرووی 320 کەس لە هەردوو لا و خەڵکی سڤیل کوژراون، لە شەڕێکدا کە بە خوێناویترینی دوای ساڵی 2020 دادەنرێت.
ئێوارەی رۆژی شەممە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام رایانگەیاند، بەرەو حەما پێشڕەوی دەکەن و سوپای سووریا و هێزەکانی رووسیا "هەڵاتوون." میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا ئەوەی رەتکردەوە.
حوسێن عومەر، هەواڵسازی دیسکی رۆژئاوای تۆڕی میدیایی رووداو، لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی شەممەی رووداودا باسی لەوە کرد، "ئەگەر لە حەما رێگری لە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام نەکرێت، دۆخی سەربازیی سووریا بە تەواوی دەگۆڕێت،" بەو پێیەی حەما لە دوای دیمەشق و حەلەب، سێیەم گەورەترین شاری سووریایە و ئەگەر کۆنترۆڵبکرێت، حمس کە چوارم گەورەترینە، دەکەوێتە بەر هێرشەکە.
سوپای سووریا رۆژی شەممە رایگەیاند، هێزەکانیان کەوتوونەتە بەر "هێرشی گرووپە تیرۆرستییەکان" و بۆ "رێکخستنەوەی ریزەکانیان و ئامادەکردنی هێرشی پێچەوانە"، بڕیاریانداوە لە حەلەب بکشێنەوە.
تارانی هاوپەیمانی دیمەشق دەڵێت، ئیسرائیل و ئەمریکا لە پشت هێرشەکەوەن. رووسیا هێرشەکە بە "تیرۆرست"ی ناودەبات و کوشتنی زیاتر لە 200 چەکداری بە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی راگەیاندووە.
رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "چاودێری دۆخەکە دەکەین" بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە گوتی: "هیچمان نییە بۆ گوتن لەسەر ئەو بابەتە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش، رۆژی شەممە لە تەل رەفعەتەوە هێزی پشتیوانییان ناردە گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی حەلەب بۆ ئەوەی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا، ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن. دواتریش چوونە گوند و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب و سنوورێکی بەرچاویان کۆنترۆلکرد.
تاوەکو ئێستا هێزە کوردییەکە و چەکدارنی سەر بە دەستەی تەحریری شام باسیان لە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوانیاندا نەکردووە. لە هەمان رۆژدا، دوای چەند کاژێرێک لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب، شەڕڤانان چۆڵیان کرد و هێزەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام شوێنیانی گرتەوە.
وەلید فارس، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتنەوە بە رووداوی گوت: "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نایەوێت دەستوەردان لە قەیران یان جەنگێکی لەم جۆرە لە دوایین هەفتەکانی دەسەڵاتی خۆیدا بکات،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئیدارەی جۆی بایدن کە 20ی کانوونی دووەم دەسەڵات رادەستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات.
فارس پێیوایە، ئیدارەی ترەمپیش "توانای سیاسی و یاسایی نییە و لەم ماوە دیاریکراوەی نێوان هەردوو سەرۆکایەتییەکەدا دەکردنی بڕیاری گەورە زۆر زەحمەتە،" بەڵام ئەگەر چەکدارەکان حەما ببڕن و بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە پێشڕەوی بکەن، ئەوا "هەردوو ئیدارەی ئەمریکا پابەندن بە پاراستنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە،" بەڵام واشنتن دەستوەردان لە ململانێی نێوان هێزەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکاندا ناکات."
دەنیز بیستانی، شرۆڤەکاری سیاسەتی سووریا لە ئەنقەرەوە بە رووداوی راگەیاند، گۆڕینی نەخشەی دابەشبوونی هێز لە چەند رۆژی رابردوودا "شتێکی زۆر لەناکاو بوو، بەڵام چاوەڕوانکراو بوو. ئەوەی لەناکاو بوو، کۆنترۆڵکردنی خێرای رووبەرێکی بەرفراوان بوو لە لایەن گرووپی تیرۆرستی بەرەی نوسڕە کە بە دەستەی تەحریری شام ناونراوە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە، هێرشەکە "هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات و زیان بە بەرژوەندییەکانی هەموو لایەکی ناوچەکە دەگەیەنێت."
رۆژنامەڤانە تورکییەکە پێیوایە، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ دەستەی تەحریری شام پێکردووە بۆ ئەوەی حەلەب کۆنترۆڵ بکات چونکە بە تێڕوانینی خۆی، ئەمریکا دەیەوێت "رێڕەوێک" لە ناوچەکانی هەسەدەوە بەرەو دەریای نێوەڕاست بکاتەوە. دەشڵێت: "دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکات، شەڕێک لە نێوان هەسەدەی تیرۆرست و دەستەی تەحریری شامی تیرۆرستدا دەبینین."
ئیقبال دوڕە، پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی رووسیا کە لە ئیستەنبووڵەوە لە بووڵتەنەکەدا بەشدار بوو، پێیوایە مۆسکۆ ناتوانێت لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەدا یارمەتیی سوپای سووریا بدات، "چونکە لە ئۆکراینا گیرۆدەی دەردی خۆی بووە."
دوایین جار گرووپە چەکدارەکان لە حەلەب دەکران، لە ساڵی 2016 بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا پشتیوانیی بەرچاوی سوپای سووریایان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ