دەستەی تەحریری شام بەرەو شارەکانی حمس و دیمەشق پێشڕەوی دەکەن. ئەبو محەممەد جەوەلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند "گەیشتووینەتە حەما و بەرەو دیمەش دەڕۆین."
سەرچاوە خۆجێییەکانیش دەڵێن، هێزەکانی حکومەتی سووریا و رووسیا لە حەما کشاونەتەوە بۆ حمس.
دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی رایانگەیاند، سوپای سووریا لە شاری حەما "هەڵدێت"، بەڵام ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە دەڵێت، سوپا لە شارەکە نەکشاوەتەوە، بەڵکو لە باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەما خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە ئامادەکردووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فڕۆکەی جەنگیی سووریا و رووسیا پێگەی گرووپە چەکدارەکان بۆردوومان دەکەن.
سەربازانی سوپای رووسیا لە حەما کشانەوە
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، بەهۆی بەردەوامیی پێشڕەوی دەستەی تەحریری شام بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری حەما، سەربازانی رووسیا شاری حەمایان بەرەو حمس جێهێشت.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەی تەلبیسە رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوا دەکەن هێزەکانی سوپای سووریا شارەکەیان جێبهێڵن. شارۆچکەی تەلبیسە کەوتووەتە باکووری پارێزگای حمس و سەر سنووری پارێزگای حەما. شارۆچکەکە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای حمسەوە دوورە.
لە دیمەشق دەنگی تەقە و تەقینەوە دەبیسترێت
هەرچەندە پرووشکی ئاگرەکە نەگەیشتووەتە دیمەشق، بەڵام میدیای خۆجێی ئاماژە بە بیستنی دەنگی تەقینەوە و تەقە دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ کەناڵی فەرمیی سانای سووریا پەخشی راگرت، بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، دەنگی تەقینەوە و تەقە لە نزیک باڵەخانەی دەستەی ئەرکانی گشتی و باڵەخانەی راگەیاندنی حکومەتی لە دیمەشق بیستراوە.
"ئەگەری کودەتای سەربازی"
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایگەیاند، عەمید حیسام لوقا، بەرپرسی پێشووی بەشی ئاسایشی گشتیی حکومەتی سووریا، هەوڵی رووخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریای داوە، لەکاتێکدا لە دەرەوەی وڵات بووە.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، هەر ئێوارەی شەممە فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق نیشتەوە، ئەمەش قسە و باسی ئەوە دەوروژێنێت بەشار ئەسەد لەنێو فڕۆکەکەدا بووە و لە کۆبوونەوەکان لە مۆسکۆ بەپەلە گەڕاوەتەوە.
هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نافەرمی، ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە بەشار ئەسەد لەبەر ئەگەری کودەتا، ماڵی خۆی جێهێشتووە و چووەتە شوێنێکی سەلامەت.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن پێکدادان لەنێوان پاسەوانی کۆماریی سووریا و فیرقەی چواری سوپای سووریا لە ناوچەی کفر سووسە لە دیمەشق روویداوە و لە ژمارەیەک باڵەخانە حکومییەکان تەقە کراوە.
فەرماندەیەکی تەحریری شام بۆ رووداو: قبووڵی ناکەین فەرماندەی تورکی و ئێرانی لە جیاتی کورد و سووری بڕیار بدەن.
موعتەز ناسر، نوێنەری ژووری سەربازیی ئۆپەراسیۆنی حەلەب لە دەستەی تەحریری شام، میوانی رووماڵێکی تایبەتی رووداو بوو لەبارەی رووداوەکانی سووریا و گوتی "رژێمی سووری خەڵکی برسی کردووە، بۆیە خەڵک دژیانن. دابەشبوون و جیابوونەوە لەنێو سوپای سووریدا هەیە و ئێمە ئامانجمان دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێیە."
موعتەز ناسر: گەلی کورد برای ئێمەن
نوێنەری ژووری سەربازیی ئۆپەراسیۆنی حەلەب لە دەستەی تەحریری شام، هەرچەندە پارتی کرێکارانی کوردستانی بە "هێزێکی جوداخوازی دەرەوەی سووریا" وەسفکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە "گەلی کورد برای ئێمەن."
موعتەز گوتی "کوردی نێو حەلەب دانیشتووانی رەسەنی شارەکەن، هاتووین چارەسەری کێشەی هەموو گەلانی سووریا بکەین، دەمانەوێت هەموو جموجووڵێکی سەربازی کەمبکەینەوە، چونکە دووژمنی سەرەکیی ئێمە، رژێمی سووریایە."
"تەحریری شام چوار ساڵە کار بۆ ئەم هێرشانە دەکات"
موعتەز ناسر ئاماژە بەوە دەکات سوپای سووریا رووخاوە و ئێستا زۆر لاوازن "ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستاش، چوار ساڵە کاری بۆ دەکەین و وەک ناوچەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ناوچە کوردییەکان دەکەین، ئامانجمانە رژێمی سووریا بڕووخێنین و خەڵک بەئاسوودەیی بژین، هێزەکانمان لە زیادبوونن و خەڵک دێنە ریزی ئێمەوە."
پەرلەمانتارێکی سووریا بۆ رووداو: سوپای دەوڵەت لە دەوروبەری حەلەب ماون
حەسەن میسلیت، پەرلەمانتاری سووریا بە تەلەفۆن میوانی بووڵتەنی رۆژاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات. ئەو لەبارەی دۆخی ئێستای حەلەبەوە گوتی "گرووپە چەکدارە تیرۆرستەکان چوونەتە نێو حەلەب و چەند گەڕەکێکیان داگیرکردووە."
میسلیت گوتی "ئێستا سوپای دەوڵەتی سووریا لە دەوروبەری حەلەب هەن و دەگەڕێنەوە نێو شارەکە و کۆنترۆڵی دەکەنەوە."
لەبارەی هاوپەیمانیێتیی نێوان سووریا و رووسیاش گوتی "رووسیا هاوپەیمانی حکومەتی سووریایە، هەرگیز ئێمەی بەتەنیا جێنەهێشتووە."
پرووشکی ئاگرەکە گەیشتە رۆژاڤا
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتمانی سووریا لە هەریەک لە گوندەکانی تەنەب، شەوەرگا و مالکییەی سەر بە شاری حەفرین دروستبوو. حەفرین سەر بە پارێزگای حەمایە.
سوپای نیشتمانی سووریا لە چەند گرووپێکی چەکدار پێکدێت کە سوننەن و لە تورکیاوە نزیکن.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی تۆپبارانی سوپای نیشتمانیی سووریاوە بۆ سەر گوندێکی ناوچەی شێراوا، کەسێکی تەمەن 26 ساڵ بریندار بووە و گوێزرایەوە نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە.
بەشار ئەسەد: چەند هێرشەکان چڕتر بکرێنەوە توانای شکستپێهێنانمان هەیە
رۆژی شەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی و هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
بەشار ئەسەد رایگەیاند، هەرچەندە "تیرۆریستان" هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە، وڵاتەکەی بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی، توانای هەیە شکستیان پێبهێنێت.
سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا "گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان و هاوئاهەنگیی هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کێشەی وڵاتانی عەرەب و نێودەوڵەتی کردەوە."
"سوودانی بە ئەسەدی گوت پاڵپشتتانین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی سەرۆکایەتی سووریا، سوودانی "ئامادەیی عێراقی بۆ دابینکردنی هەموو پاڵپشتییەکی پێویست بۆ سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پیشاندا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "جەختی لەوە کردەوە؛ وڵاتەکەی پابەندە بە سەقامگیری، سەروەری و یەکگرتوویی سووریا."
ئەمە لەکاتێکدایە قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی داخراون و ئەو بڕیارە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، لەدوای فراوانبوونی گرژییەکانی سووریا.