بەرپرسێکی تەحریری شام بۆ رووداو: چوار ساڵە کار بۆ ئۆپەراسیۆنی حەلەب دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی دەستەی تەحریری شام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ماوەی چوار ساڵە کار بۆ ئۆپەراسیۆنی حەلەب دەکەن. دەشڵێت، دووژمنی سەرەکیی ئەوان سووریایە و "کورد برای ئێمەن." 
 
ئەمشەو (شەممە، 30-11-2024) موعتەز ناسر، نوێنەری ژووری سەربازیی ئۆپەراسیۆنی حەلەب لە بوڵتەنی کۆڕۆژۆ تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشرنیا و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، لەبارەی دۆخی سووریا و پێشڕەوییەکانی دەستەکەیان قسەی کرد.
 
ئەو بەرپرسەی دەستەی تەحریری شام ئاماژە بەوە دەکات، "سوپای سووریا رووخاوە" و ئێستا زۆر لاوازن "ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستا چوار ساڵە کاری بۆ دەکەین و وەک ناوچەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ناوچە کوردییەکان دەکەین، ئامانجمانە رژێمی سووریا بڕووخێنین و خەڵک بەئاسوودەیی بژین، هێزەکانمان لە زیادبوونن و خەڵک دێنە ریزەکانمان."
 
موعتەز ناسر گوتیشی، قبووڵی ناکەن فەرماندەی تورکی و ئێرانی لە جیاتی کورد و سووری بڕیار بدەن.
 
نوێنەری ژووری سەربازیی ئۆپەراسیۆنی حەلەب لە دەستەی تەحریری شام هەروەها گوتی "رژێمی سووری خەڵکی برسی کردووە، بۆیە خەڵک دژیانن. دابەش بوون و جیابوونەوە لەنێو سوپای سووریادا هەیە و ئێمە ئامانجمان دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێیە."
 
بەرپرسەکەی دەستەی تەحریر شام هەروەها گوتی پارتی کرێکارانی کوردستانی بە "هێزێکی جوداخوازی دەرەوەی سووریا" وەسفکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە "گەلی کورد برای ئێمەن."
 
موعتەز ناسر دەشڵێ "کوردی نێو حەلەب دانیشتووانی رەسەنی شارەکەن، هاتووین چارەسەری کێشەی هەموو گەلانی سووریا بکەین، دەمانەوێت هەموو جموجووڵێکی سەربازی کەمبکەینەوە، چونکە دووژمنی سەرەکیی ئێمە؛ رژێمی سووریایە."