​بەڤیدیۆ؛ لە شارۆچکەیەکی باکووری حمس خەڵک هێرش دەکەنە سەر سەربازانی سووریا

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، لە شارۆچکەیەکی باکووری پارێزگای حمس، ژمارەیەک هاووڵاتیی هێرشیان کردە سەر سەربازانی سوپای سووریا. دەشڵێن، ئەو هاووڵاتییانە خاڵێکی پشکنینی نێوان پارێزگەکەکیان و حەمایان سووتاندووە. 
 
شەوی شەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2024) سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک گەنجی شارۆچکەی تەبلیسییە، هێرشیان کردە سەر فەرمانگە حکومییەکانی تەبلیسە و، داوایان لە بەرپرسان کرد شارۆچکەکە جێهبێڵن.
 
شارۆچکەی تەبلیسە کەوتووەتە باکووری پارێزگای حمس و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای حەما. 
 
سەرچاوەکان دەشڵێن، گەنجەکان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی جیسر، بەو هۆیەوەش سەربازانی سوپای سووریا لەو ناوچەیە پاشەکشەیان کرد. 
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە و چەند وێنە و ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراونەتەوە، گەنجەکان خاڵە پشکنینەکەیان سووتاندووە. 
 
لە رۆژی چوارشەممەوە دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر رۆیشتووە. دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵکردنی تەواوی پارێزگەی حەمای راگەیاند. 
 
لە دەستپێکی هێرشەکانی دەستەکەوە، سوپای سووریا و رووسیا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەکدارەکان کردووە. تەنیا ئەمشەو لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر شارۆچکەی سەندەف لە پارێزگای حەما 7 چەکداری گرووپەکەیان کوشت.