پووتین: نامانەوێت لە سووریا پێکدادانی سەربازیمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، بەڵام بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی نایەوێت لە سووریا لەگەڵ ئەمریکا پێکدادانی سەربازی هەبێت، بەڵام مۆسکۆ بۆ "هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە."
ئێوارەی رۆژی شەممە، دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی رووسیا و ئەفریقا، لەبارەی لێکنزیکەوتنەوەی فڕۆکە و درۆنەکانی ئەمریکا و رووسیا لە ئاسمانی سووریا، پووتین گوتی، "هیچ کەس نایەوێت شەڕ لە نێوان رووسیا و ناتۆدا دروستبێت، بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ هەموو سیناریۆیێک ئامادەین."
سەرۆکی رووسیا هەروەها باسی لەو هێڵانەی پەیوەندی کرد، کە لە نێوان سوپاکانی وڵاتەکەی و ئەمریکادا بە کراوەیی ماونەتەوە و گوتی، "بەکراوەیی مانەوەی ئەو هێڵانە پێشانیدەدات، کە هیچ لایەنێک حەزی لە ململانێ نییە،" گوتیشی، "ئەگەر کەسێک بیەوێت، ئێمە نابین، بەڵام ئامادەین."
سوپای رووسیا هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، فڕۆکەکانیان 23 جار بەشێوەیەکی "مەترسیدار" لە فڕۆکەکانی رووسیا نزیکبوونەتەوە.
بەگوێرەی ئەدمیرال ئۆلێگ گورینۆڤ، سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا بۆ سووریا، زۆربەی ئەو رووداوانە لەم تەممووزەدا بوون.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 11 رووداودا، فڕۆکەوانە رووسییەکان "بە سیستمی دژە فڕۆکەی" رۆژئاوایی کراونەتە ئامانج، لەوانەش لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، کە گوایە ئەوەش وایکردووە، فڕۆکە رووسییەکان ئاگری هۆشداری بەربدەنەوە.
مۆسکۆ چەندینجار واشنتن و هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردوونەتەوە لە مەترسیی دەرکەوتنی شەڕێکی رووبەڕوو لە نێوان رووسیا و ناتۆ، بە تایبەتیش لەم کاتەدا، کە شەڕی ئۆکراینا بەردەوامە.
بە هەمانشێوە، ئەمریکاش لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، چەندینجار فڕۆکە رووسییەکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی درۆن و فڕۆکە شەڕکەرە ئەمریکییەکانی "هەراسانکردووە."