نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو هەسەدە 637 منداڵی چەکدار کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە بەکارهێنانی منداڵ لە ململانێ و شەڕەکانی سووریا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هەرچەندە دۆخی نێوخۆی ئەو وڵاتە بەرەو ئارامیی دەچێت، بەڵام چەکدارکردنی منداڵان زیادی کردووە. 
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی منداڵ لە شەڕدا و بەزۆر چەکداریکردنیان بڵاوکردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا یوئێن ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی نێو سووریا لە ماوەی 12 ساڵی جەنگی سووریادا منداڵیان بەکارهێناوە و بە زۆر کردوویاننەتە چەکدار. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە سووریا، ژمارەی ئەو منداڵانەی بەزۆر کراونەتە چەکدار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە زیادیکردووە. لە ساڵی 2020دا 813 منداڵ و لە 2021دا هەزار و 296 و لە ساڵی 2022شدا هەزار و 696 منداڵ چەکدار کراون. 
 
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەنێو ئەو گرووپە چەکدارانەی منداڵیان بردووەتە ریزەکانیانەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
ساڵی رابردوو، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 637 لەو منداڵانە لەلایەن هەسەدە و گرووپەکانی نزیک لەو هێزە چەکدارکراون.  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، 611 منداڵیش لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە چەکدارکراون کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها 383 منداڵ لەلایەن گرووپی تەحریر شام چەکدارکراون. 
 
لەگەڵ ئەوەش راپۆرتەکە باس لە 25 منداڵ دەکات کە لەلایەن سوپای سووریا و گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە حکومەت چەکدارکراون. 
 
لەو بارەیەوە، بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخرای مەدەنی سوورییەکان بۆ راستی و دادپەروەری رایگەیاندووە، منداڵان لەسەرانسەری سووریادا دەکرێنە چەکدار. 
 
ئەو چالاکڤانە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لەو منداڵانە بەزۆر دەکرێنە چەکدار و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی خراپی باری ئابووریی خێزانەکانیان ناچارن چەک هەڵبگرن. هەندێکیشیان بەهۆی ئایدۆلۆژیا یان بەهۆی پەیوەندیی خێزانی و هۆزەوە بوونەتە چەکدار. لە هەندێک کەیسیشدا منداڵان وەکو بەکرێگیراو لە شەڕەکانی دەرەوەی سووریا بەکاردەهێنرێن.
 
لە ساڵی 2019، هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد و بەڵێنیدا کۆتایی بە چەکدارکردنی کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵ بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئۆفیسێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی کردەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بەرگری لە هەسەدە دەکات و دەڵێت: "هەسەدە تاکە لایەنی چەکداری نێو سووریایە کە وەڵامی داواکارییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی داوەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکدارکردنی منداڵان." 
 
نۆدیم شێرۆ، گوتەبێژی یەکێک لە نووسینگەکانی پاراستنی منداڵان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دانی بەوەدا ناوە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دایە، هێشتا منداڵ دەکرێنە چەکدار، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد. ئەو میکانیزمەی کاری پێدەکەن سەرکەوتوو بووە. 
 
ئەو دەڵێت، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا. ئۆفیسەکەیان 20 ناڕەزایەتینامەی بەدەستگەیشتووە تایبەت بە چەکدارکردنی منداڵان و ئەوان چوار منداڵیان دۆزیوەتەوە کە لەنێو ریزەکانی هەسەدە چەکدار بوون و راستەوخۆ رەوانەی ماڵەوەیان کردوونەتەوە، ئەوانی دیکەش لەگەڵ هەسەدە نەبوون. 
 
هەروەها ئەو گوتەبێژە دەڵێت، هەندێکجار دایک و باوکی منداڵەکان وادەزانن منداڵەکەیان لەلایەن هەسەدەوە کراوەتە چەکدار، لەکاتێکدایە ئەوە هەسەدە نەبووە و گرووپەکانی دیکە بوون، ئاشکراشی دەکات، لەدوای رێککەوتنامەکەی 2019، ژمارەی بەچەکدارکردنی منداڵان لەنێو هەسەدە کەمیکردووە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە گرووپی "جوانێن شۆڕشگێڕ" کردووە، کە لە پەکەکەوە نزیکن و ئەوان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 10 کەیسی بەچەکدارکردنی منداڵان لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە تۆمار کراون، بەڵام بەسام ئەحمەد دەڵێت، ئەو گرووپە بەرپرسیار بووە لە 45 منداڵ کە کراونەتە چەکدار لە کۆی 49 منداڵ کە لە ساڵی 2022 لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تۆمارکراون.
 
ئەو دەڵێت، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "روو لەودیو دەکەن کاتێک باس لەو پرسە دەکرێت"، داواش لە هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و ئەو پرۆسەیە رابگرێت. 
 
بەرپرسێکیش لە جوانێن شۆڕشگێڕ کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەی پی راگەیاندووە، ئەوان منداڵیان وەرگرتووە، بەڵام رەتیدەکەنەوە بەزۆر منداڵان بهێننە ریزەکانیانەوە و دەڵێت: "ئێمە کەسمان نەڕفاندووە و کەسیش ناچار ناکەین بێتە ریزەکانمانەوە."