لە ئیدلب دوو کەس بەهۆی گەردەلوولەوە گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

دوو رۆژە باهۆز و گەردەلوول سنووری پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریای گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەوهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی بەرگریی شارستانیی ئیدلب (کڵاو سپییەکان) وەرگیراون، دوو رۆژە دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما و باهۆز و گەردەلوول پارێزگای ئیدلبی گرتووەتەوە و بەوهۆیەوە بەشێک لە دیواری کەمپی ئاوارەکانی گوندەکانی باتەنتە و قوڕیین بەسەر دانیشتووانی ناو خێوەتەکاندا رووخاون.
 
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەهۆی رووخانی دیوارەکانەوە، لە کەمپەکەی گوندی باتەنتە منداڵێک و لە کەمپی گوندی قوڕیین کەسێکی پێگەیشتوو گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە تەواوی کەمپەکانیش شەش هاووڵاتی برینداربوون کە سیانیان منداڵن. تیمەکانی بەرگریی شارستانیش بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانە.
 
محەممەد حەلاج، بەڕێوەبەری رێکخستنی دۆخی لە ناکاوی سووریا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی تورکیا ئاشکرایکرد، بەهۆی گەردەلوولەکەوە، 11 پەناگە کە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات دروست کرابوون، زیانیان بەرکەوتووە و لە 60 کەمپیش، 467 چادر کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە و هەزار و 328 چادری دیکەش بەشێوەیەکی رێژەیی زیانیان بەرکەوتووە.
 
محەممەد حەلاج باسی لەوەش کرد، گەردەلوولەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی نزیکەی 32 هەزار کەس کە نیوەیان منداڵن دروست کردووە.