سووریا: لە نزیک دیمەشق دوو سەرباز بە هێرشێکی ئیسرائیل برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر ناوچەیەکی نزیک دیمەشق و بەهۆیەوە دوو سەربازی سووریا برینداربوون.
 
لە ماوەی 12 ساڵی رابردووی شەڕی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی سووریا ئەنجامداوە، بە پلەی یەکەم هێزەکانی سەر بە ئێران و چەکدارانی حیزبوڵڵا و پێگەکانی سوپای سووریای کردووەتە ئامانج. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-3-2023، دەنگی تەقینەوەکان لە پایتەختی سووریا بیستراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، "دەوروبەری کاژێر 01:20 خولەکی بەرەبەیان، ئیسرائیلی دووژمنکار لە لای بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە دەستدرێژییەکی ئاسمانی ئەنجامدا و چەند پێگەیەکی دەوروبەری دیمەشقی کردە ئامانج."
 
هیچ وردەکارییەک لەبارەی ئامانجەکانی هێرشەکە نەخراونەتەڕوو، بەڵام وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە دوو سەرباز برینداربوون، وێڕای کەوتنەوەی زیانی ماددی.
 
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا، بەپێی وەزارەتەکە، بەرپەرچی چەند مووشەکێکی داوەتەوە.
 
لە کاتێکدا ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئەو هێرشانە دەدات کە بۆ سەر سووریا ئەنجامیان دەدات، چەندین جار رایگەیاندووە کە رێگە نادات ئێرانی دووژمنە سەرسەختەکەی شوێنپێی خۆی لەوێ پتەو بکات.
 
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەفتەی رابردوو هێرشێکی مووشەکیی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی حەلەبی سووریا کۆگایەکی چەکی کردە ئامانج کە گوماندەکرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بەکارهاتبێت.
 
لە 7ـی ئاداردا، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکە سێ کەس کوژران و فڕۆکەخانەکە پەکخرا، بەڵام دوای سێ رۆژ کرایەوە.
 
شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت سەریهەڵدا، دواتر پەرەی سەند بۆ ململانێیەکی چەکداری کوشندە کە زلهێزە بیانییەکان و گرووپە پەڕگیرەکانیش خزانە نێوی، لە ئەنجامدا تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی سووریاش ئاوارە و کۆچبەربوون.