رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس ۆوچ) رایگەیاند، هێرشی درۆنێکی سەر بە تورکیا و سوپای نیشتمانی سووریا بۆ سەر ئەمبوڵانسێکی مانگی سووری کوردی لە 18ی کانوونی دووەمی 2025، لە باکووری سووریا، "لە تاوانی جەنگ دەچێت".
وەک رێکخراوە مافپەروەرەکە ئاماژەی پێدەکات، هێرشەکە ئەمبوڵانسێکی کردە ئامانج کە بریندارێکی دەگواستەوە کە لە هێرشێکی پێشووتردا بۆ سەر بەنداوی تشرین بریندارببوو. لەو هێرشانەدا شەش کەس کوژران، لەنێویاندا بابێ تەیار، ئەکتەری ناسراوی رۆژئاوای کوردستان و لانیکەم 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
هیبا زیائەدین، لێکۆڵینڤانی باڵای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە هیومەن رایتس ۆوچ رایگەیاند: "سوپای نیشتمانیی سووریا و هێزەکانی تورکیا شێوازیکی روون و نیگەرانکەری هێرشی یاساییان لە دژی خەڵک و شوێنی سڤیل گرتووەتەبەر، تەنانەت وا دیارە ئاهەنگیشی پێوە دەگێڕن."
ئارمانج محەمەدی تەمەن 37 ساڵ، خەڵکی قامشلۆ بە هیومەن رایتس وۆچی راگەیاندووە: "ئێمە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چووینە بەنداوی تشرین بۆ دژایەتیکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیا و گرووپە لایەنگرەکانی، بۆ پاراستنی خاکەکەمان و داواکردنی کۆتاییهێنان بە ئامانجگرتنی ئاو، کارەبا و ژێرخان".
بەپێی راپۆرتی کۆڕبەندی رێکخراوە ناحکومییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەنداوی تشرین لە 10ی کانوونی یەکەمەوە لەکارکەوتووە دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و پێکدادان زیانی پێگەیشت و زیاتر لە 413 هەزار کەس لە ناوچەکانی منبج و کۆبانێ لە ئاو و کارەبا بێبەش بوون.
زیائەدین دەڵێت: "هێرشکردنە سەر ئەمبوڵانسێک کە برینداری سڤیل لە رێگایەکی کراوەدا دەگوازێتەوە، پێناچێت رووداوێکی بە رێکەوت بێت." دەشڵێت: "ئەمە لە تاوانی جەنگ دەچێت و پێویستە هاوپەیمانیی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ