ئەحمەد شەرع: لیژنەیەکى ئامادەکاری بۆ کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى پێکدەهێنین

30-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر رایگەیاند، کار لەسەر پێکهێنانى حکومەتێکى راگوزەرى گشتگیر دەکەن و لیژنەیەک رادەگەیێنێت بۆ دیاریکردنى پەرلەمانێکى بچوککراوە کە بۆشایی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان پڕبکاتەوە و لیژنەیەکى ئامادەکاری بۆ کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى پێکدەهێنن.
  
ئەمشەو پێنجشەممە، 30ى کانوونى دووەمى 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر گوتارێکى پێشکێش کرد و گوتی: "دوێنێ ئەم بەرپرسیارێتیەم وەرگرت لە دواى راوێژ لەگەڵ شارەزایانى یاسایی بۆ گەرەنتیکردنی بەڕێوەچوونى پرۆسەى سیاسى لە چوارچێوەیەکى یاساییدا".
 
ئەحمەد شەرع راگەیاند، کار لەسەر پێکهێنانى حکومەتێکى راگوزەرى گشتگیر دەکەن کە بە گوتەى ئەو "گوزارشت بێت لە فرەڕەنگیی سووریا بە ژن و پیاو و گەنجانیەوە تاوەکو بگەنە قۆناخى هەڵبژاردنێکى ئازاد و پاک. 
 
29ى کانوونى دووەمى 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بڕیاری دا ئەحمەد شەرع بۆ قۆناخى راگوزەر بکاتە سەرۆکى ئەو وڵاتە، هەروەها پەرلەمان، حیزبى بەعس و سوپاى سووریاى هەڵوەشاندنەوە.
 
سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر ئاماژەى بەوەدا کە لیژنەیەک رادەگەیێنێت بۆ دیاریکردنى پەرلەمانێکى بچوککراوە کە بۆشایی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان پڕبکاتەوە.   
 
ئەحمەد شەرع ئاماژەى بەوەدا کە لە رۆژانى داهاتوو لیژنەیەکى ئامادەکارى بۆ کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى پێکدەهێنن تاوەکو لە رێگەیەوە گوێ لە بۆچونەکان بگیرێت لەبارەى کارنامەى سیاسیی داهاتوویان. 
 
ئەحمەد شەرع، وەک سەرۆککۆمار راسپێردراوە پەرلەمانێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکبهێنێت، تاوەکو دەستوورێکى هەمیشەیی پەسند دەکرێت.
 
سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر رایگەیاند کە هەنگاوى دواتریان راگەیاندنى دەستوورێک دەبێت وەک لێڤەگەڕی یاسایی  بۆ قۆناخى راگوزەر.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە

فەرماندەیەکی هەسەدە: هێزەکانمان تێکەڵی سوپای سووریا دەکەین

فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە کۆبوونەتەوە و رێککەوتن کراوە لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ سوپای سووریا.