رووسیا: دانوستاندنەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە وەستاون
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە وەستاون.
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەستاوە".
لەبارەی هۆکاری وەستانی گفتوگۆکانەوە، ئەو بەرپرسەی رووسیا گوتی، "سووریا پێی وابوو، دەبێت دڵنیابێتەوە لەوەی هێزەکانی تورکیا کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە سووریان بکشێنەوە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چاوەڕوان دەکرێت کەی هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنەوە، ئەلێکساندەر گوتی، کەس ناتوانێت ئەوە بڵێت کە "ئەو هێزانە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سووریا دەکشێنەوە".
ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و تورکیا، بەگوتەی لاڤرێنتیڤ، کارێکی لەپێشینەی رووسیایە و گوتیشی، "پێمان وایە کە ئەو پرسە زۆر گرنگە و پێویستە بەرەو پێشەوەی ببەین".
تورکیای ئەندامی ناتۆ، رۆڵێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریادا هەیە. ئەو وڵاتە پشتیوانی لە بەشێک لە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات.
تورکیا لە ئابی 2016 سوپای ناردە نێو خاکی سووریا و بە هاوکاریی بەشێک لەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات، جەرابلووس، باب و ئەعزازی کۆنترۆڵکرد. تورکیا رایگەیاند بە مەبەستی وەستاندنی جموجووڵەکانی داعش لەو ناوچانەدا سوپای ناردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لەلایەن ئەنقەرەوە، دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
لە تشرینی یەکەمی 2019ـەش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو شوێنانەشیان کۆنترۆڵکرد.
لە تەممووزی رابردوودا ئەردۆغان لەبارەی پەیوەندی نێوان تورکیا و سووریا گوتی، "لەگەڵ سووریا دەرگەمان دانەخستووە. دەرگە کراوەیە. ئێمە لە بابەتی کۆبوونەوەشمان لەگەڵ بەشار ئەسەد دەرگەمان دانەخستووە. کۆدەبینەوە! ئێستا ئەسەد دەیەوێ تورکیا لە باکووری سووریا بکشێتەوە. بێگومان ئەمە نابێت، چونکە ئێمە لەوێ بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە".
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021دا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کردەوە. تشرینی یەکەمی 2021 مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، هاوتا سوورییەکەی لە بولگاریا کۆبوویەوە. هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریاش لە نیسانی رابردوو لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.