رووداو دیجیتاڵ
فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا دەڵێت، بەڕێوەچوونی یەکەم هەڵبژاردنی وڵاتەکە لەوانەیە چوار ساڵی دیکە بێت. دەشڵێت، پێش هەڵبژاردن؛ دەستوور دەنووسنەوە و سەرژمێریی گشتی دەکەن.
ئەمە یەکەمجارە ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا باسی هەڵبژاردنی وڵاتەکە بکات. ئەمەش دوای ئەوەی لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند و کۆتاییان بە حوکمی هێنا.
رۆژی یەکشەممە، 29-12-2024، شەرع لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای سعودیە گوتی، ئامادەکردنی یەکەم رەشنووسی دەستووری سووریا لەوانەیە سێ ساڵی بوێت. گوتیشی، "لەوانەیە ساڵێکمان پێویست بێت بۆ ئەوەی سووریاییەکان گۆڕانکاری و پێشڤەچوون لە کەرتی گشتی ببینن".
شەرعی تەمەن 42 ساڵ باسی ئەوەی کرد، پێویستە سیستمی یاسایی سووریا بونیادبنرێتەوە و سەرژمێرییەکی گشتیش بکرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی رەوا رێکبخرێت.
ئەحمەد شەرع سەرکردایەتیی هەتەشەی کرد بۆ ئەوەی ئەسەد لە وڵاتەکە دەربکەن. ئێستا پرسیار لەسەر ئەوەیە کە چۆن هەتەشە دەتوانێت ئەو وڵاتە فرەڕەنگ و نەتەوەییە بەڕێوەببات.
هەتەشە وەک گرووپێکی ئیسلامیی جیهادی دەستیان پێکرد، سەرەتا ناوی جەبهەتول نوسرەبوو، سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو.
ئەحمەد شەرع بە میدیای سعودیەی گوت: "لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی داهاتوو هەتەشە هەڵدەوەشێتەوە،" بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی باسنەکرد.
هەتەشە بەڵێنی داوە مافی هەموو لایەک بدات و کەس سەرکوت نەکات، لەوانەیە ئەو کۆنفرانسەی شەرع باسی کرد، تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ ئەو گرووپە کە ئایا دەتوانێت دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، هەموو لایەک لەخۆبگرێت؟
لەبارەی ئەو رەخنانەی لەسەر حکومەتی راگوزەری سووریا پرسیاری لێکرا و ئەحمەد شەرع گوتی: "ئەو وەزیرانەی دانراون لەبەر پێویستیی دانراون، ئەگەرنا مەبەستەکە ئەوە نەبووە هیچ کەسێک وەلا بنرێت و پشتگوێ بخرێت."
سووریا چەندین پێکهاتە و نەتەوەی لێدەژی؛ لەوانەش کورد، ئەرمەنی، ئاشووری، کریستیان، درووز، شیعەی عەلەوی و سوننەی عەرەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ