سەرۆک کەنیسەکانی سووریا: دەست بە دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

پەتریارک و سەرۆکی کەنیسەکانی سووریا دەڵێن: دەست بە دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر بکرێت کە هەموو چین و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت و متمانە و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و رەگوڕیشەی ململانێکان چارەسەر بکات. داواش دەکەن، ناسنامەی نیشتمانیی سووری لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان دابڕێژرێتەوە: هاووڵاتیبوون، کەرامەت، ئازادی و پێکەوەژیان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29.12.2024، پەتریارک و سەرۆکی کەنیسەکانی سووریا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دخۆی ئێستای وڵاتەکە بڵاوکردەوە و دەڵێن: "ئێمە ئەمڕۆ لەبەر دەرگای قۆناخێکی نوێ وەستاوین کە داوامان لێدەکات بە لەخۆبردوویی و ئازایەتی و بەهێزییەوە سووریای داهاتوو بونیات بنێینەوە و پابەندبین بە کولتووری دیالۆگ و کرانەوە بەرەو ئەوی دیکە. قۆناخێک کە داوا لە هەمووان دەکات دانایی و لەسەرخۆیی و دووربینی بنوێنن و خۆ نەخزێننە نێو ناکۆکی بێهوودە و دووربین لە پۆپۆلیزم و گۆشەگیری."
 
راگەیێندراوەکە لەلایەن یۆحەنای دەیەم، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ رۆمی ئۆرتۆدۆکس، ئیغناتیۆس ئەفرامی دووەم، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ سریانی ئۆرتۆدۆکس و سەرۆکی باڵای کەنیسەی سریانی ئۆرتۆدۆکس لە جیهان هەروەها یوسف عەبسی، پەتریارکی ئەنتاکیە و سەرجەم رۆژهەڵات بۆ رۆمی مەلەکی کاسۆلیک بڵاوکراوەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "لەم قۆناخەدا وەکو مەسیحی رۆڵێکی گرنگ و جەوهەریمان لەپێشە، ئەویش هاوکاریکردنە لەگەڵ هەمووان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم نیشتمانە."
 
دەشڵێن: "بەرپرسیارێتیی رووحی، ئەخلاقی و نیشتمانیمان داوامان لێدەکات هەمیشە دەنگی راستی زاڵ بکەین و داکۆکی لە کەرامەتی مرۆڤ بکەین لە هەموو بارودۆخێکدا، بە هێزەوە هەوڵ بدەین بۆ پشتیوانیکردن لە رەوتی دیموکراسی و ئازادی و سەربەخۆیی و ئاشتی کە مافەکان و کەرامەتی هەموو سوورییەکان دەستەبەر بکات."
 
دەقی پەیامەکەیان
 
پەیامی ئەمڕۆمان لە چەند تەوەرێکی سەرەکییەوە دەستپێدەکات:
 
ئاشتەوایی
داواکردن لە جیهان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووریی دەرەکی
هاوبەشی
هیوا
 
یەکەم: ئاشتەوایی نیشتمانی و دیالۆگ وەک رێگایەک بۆ یەکێتی
 
سووریا وڵاتێکە خاوەن ناسنامەیەکی مرۆیی و شارستانییە، لەسەر مێژوو و جوگرافیایەک دامەزراوە کە بە درێژایی سەردەمەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لە ئیرادەی پێکەوەژیان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان جێگیر ماوەتەوە. ئەم فرە نەژادی و ئایینی و شارستانییەی کە کۆمەڵگە خۆجێییەکانی سووریای پێ ناسراوە، سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزیەتی. ئەمڕۆش بانگهێشت کراوە بۆ گەڕاندنەوەی رۆڵی وەک ئەندامێکی کارا لە سیستمی نێودەوڵەتی.
 
بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، داوا دەکەین:
 
- دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر کە هەموو چین و پێکهاتەکان لەخۆبگرێت و متمانە و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و رەگوڕیشەی ململانێکان چارەسەر بکات و ناسنامەی نیشتمانیی سووری لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان دابڕێژێتەوە: هاووڵاتیبوون، کەرامەت، ئازادی و پێکەوەژیان.
 
- دەستپێکردنی کارگەی دیالۆگ لەسەر ئاستی خۆجێیی کە هەموو پارێزگا و شار و گوندەکان بگرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی پەیوەندییان بە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانەوە هەیە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی راستەقینە لەو شوێنانەی پێویستیان بە ئاشتەوایی و راشکاوییە، بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی هاوبەش لەلایەن خودی خەڵکی کۆمەڵگە خۆجێییەکانەوە لە هەموو ناوچەکانی سووریا.
 
- کارکردن بۆ بەهێزکردنی متمانە لەنێوان سوورییەکان لەڕێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە کە بەشداری لە دووبارە بونیاتنانەوەی رایەڵەی کۆمەڵایەتی بکات و هەستی یەک دەوڵەتی بەهێز بکات.
 
- زیندووکردنەوەی رووحی پێکەوەژیان کە هەمیشە بەشێک بووە لە میراتی سووریامان و کارکردن بۆ لابردنی پێشداوەری و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری پەراوێزخستن و رق و جیاکاری، چونکە تۆڵە و رق و کینە نیشتمان بونیات نانێت.
 
- هاوکاری بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی هەموو هاووڵاتیان و چەسپاندنی ئاشتەوایی ناوخۆیی.
 
دووەم: داواکاری لە جیهان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووریی دەرەکی
 
لە ماوەی دواییدا سووریا رووبەڕووی سزای ئابووری بووەتەوە کە هاووڵاتیانی لە هەموو چینەکان گرتووەتەوە. ئەم گەمارۆ ئابوورییە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی خۆجێیی لە سووریا دروستکردووە، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە خۆجێییە دراوسێکانیش هەبووە کە رووبەڕووی کاریگەرییەکانی کۆچ بوونەتەوە. کاریگەرییەکانی گەیشتووەتە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سوورییەکان روویان تێکردوون چ لە رێگەی کۆچی یاسایی یان نایاساییەوە. لێرەوە بانگەوازمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ خێراکردنی هەڵگرتنی ئەم سزا نادادپەروەرانە و کارکردن بۆ پشتیوانیکردن لە رەوتی بونیاتنان و چاکبوونەوەی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار.
 
سێیەم: بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات
 
باوەڕمان وایە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ کە نوێنەرایەتیی خواستی سوورییەکان بکات کلیلی بونیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی مۆدێرنە. لێرەوە جەخت لەسەر ئەمانە دەکەینەوە:
 
- پێویستە پرۆسەی داڕشتنی دەستوور پرۆسەیەکی گشتگیر و فراوان بێت کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری لە نەتەوە و تایفە جیاوازەکان، پیاو و ژن، گەنج و پیر تێیدا بەشداربن، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم دەستوورە گوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات بە هەموو فرەییەکەیەوە.
 
- پابەندبوونی دەستوور بە پرەنسیپەکانی هاووڵاتیبوون بە جۆرێک کە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان و ئازادیی بیروڕا و باوەڕ و بەشداریپێکردنی ژن دەستەبەر بکات.
 
- پەیڕەوکردنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لە دەستووردا تاوەکو ببێتە بنەمایەک کە دەوڵەت لەسەری دابمەزرێت و بۆ هەموو رۆڵەکانی، بەبێ هیچ جیاکارییەک، دەرفەتی یەکسان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەستەبەر بکات.
 
چوارەم: هیوا بە داهاتوویەکی گەش
 
ئێمە باوەڕمان وایە سووریای نوێ دەبێت یەکگرتوو بمێنێتەوە و ببێتە نموونەیەک بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرن کە لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوون و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دامەزرابێت. لێرەوە جەخت لەسەر دیدگامان بۆ سووریای داهاتوو دەکەینەوە:
 
- سووریایەکی یەکگرتوو، سەروەر و سەربەخۆ کە کەرامەتی هەموو هاووڵاتییەک بپارێزێت، بەبێ رەچاوکردنی ئایین یان تایفە یان نەتەوە یان سەر بە لایەنێکی سیاسی.
 
- سووریایەک کە لەسەر دەستوورێک دامەزرابێت کە یاسا تێیدا سەروەر بێت و یەکسانی فەراهەم بێت، هەروەها دەسەڵاتەکان جیابکرێنەوە و رێز لە فرەیی و ئازادییەکان بگیرێت.
 
- سووریایەک کە هەمووان، بەتایبەتی ژنان و گەنجان، لە بونیاتنانی داهاتوودا بەشداربن.
 
- سووریایەک کە دەوڵەت تێیدا لە یەک مەودا لە هەموو ئایین و تایفەکان بوەستێت، دەستوور بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر ئایین و دامەزراوە ئایینییەکان دەستەبەر بکات، بە جۆرێک کە جیاکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە دامەزراوە ئایینییەکان و بەکارنەهێنانی دەسەڵات بۆ ئایین، یان بەکارنەهێنانی ئایین بۆ دەسەڵات دەستەبەر بکات.
 
داواکاری بۆ پابەندبوون و کارکردن
 
ئێمە وەکو سەرۆکی کەنیسەی مەسیحییەکان کە نزیکەی دوو هەزار ساڵە لە سووریا هەین، داوا لە هەموو کچان و کوڕانی سووریا دەکەین لە ناوەوە و دەرەوە، بۆ کارکردن دەست لەنێو دەست بۆ بەدیهێنانی ئەم دیدگایە و گۆڕینی بۆ راستی. هەروەها داوا لە کچان و کوڕانی مەسیحیمان دەکەین خۆیان لە ترس و گۆشەگیری بەدووربگرن، بەڵکو بەشداری کارا لە بواری گشتی بکەن لە رووحی ئینجیلەوە تاوەکو ببنە هاوبەش لە بونیاتنانی سووریای نوێ. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین لە تەنیشت سوورییەکان بووەستن لە دووبارە بونیاتنانەوەی نیشتمانەکەیان لەچوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانیدا، رێگرتن لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی بۆ سەر سەروەری نیشتمانی و هەڵگرتنی سزاکان لەسەریان تاوەکو بتوانن بە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان و مرۆڤی تێدا دووبارە بونیات بنێنەوە.
 
ئێمە باوەڕمان وایە ئەو خودایەی لەم زەمینەدا کۆی کردینەوە کە شارستانیەت و پەیامە ئایینییەکانی لێوە دەستیانپێکرد، بەرەکەت بە هەوڵەکانمان دەدات و رێنمووییمان دەکات بۆ رێگای ئاشتی. با دڵ و دەستمان بۆی بەرز بکەینەوە، با تۆبە بکەین بۆ یەکتری، داوای هێز و دانایی بکەین بۆ بەرەوپێشچوون، با ببینە دروستکەری ئاشتی، هەڵگری هیوای مەسیح و دڵسۆز بین بۆ پەیامەکەی کە بانگەواز بۆ ئاشتەوایی و خۆشەویستی برایانە و بەدیهێنانی ئاشتی لەسەر زەوی دەکات.