لە دیمەشق تەنیا 9 جوو ماون و کەنیشتەکەیان وێران بووە
رووداو دیجیتاڵ
باخوور شامنتووب ئەندامی بچووکترین کۆمەڵگەی ئایینی ئەمڕۆی سووریایە کە تەنیا 9 ئەندامی جووی لەخۆگرتووە. ئەو دوای 13 ساڵ، گەڕایەوە بۆ تاکە کەنیشتە، پەرستگەی جووەکان لە ناوچەی جۆبەری دەوروبەری دیمەشق.
باخوور دەڵێت: "پێش قەیرانەکە، [شەڕی نێوخۆیی]، هیچ کێشەیەک نەبوو، دەهاتین و نوێژمان دەکرد. بەداخەوە کە بەو جۆرە وێران بووە. ئێمە خەڵکی رەسەنی ئێرەین و هەزاران ساڵە لێرە بووین".
کەنیشتەی جۆبرە لە 2014دا لە لایەن گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان تێکدرا، لەو کاتەدا سووریا لە گەرمەی شەڕی نێوخۆییدا بوو، رقوکینە بەرامبەر پێکهاتەکانیش گەیشتبووە لووتکە.
باخوور شامنتووب دەشڵێت: "من خۆشحاڵم، سوپاس بۆ خودا، راستە جووم، بەڵام هەموو کەسێك لێرە منی خۆشدەوێت، تەنانەت کاتێك دەزانن کە جووم زیاتر لێم نزیک دەبنەوە".
تاوەکو چلەکانی سەتەی 20 نزیکەی 100 هەزار جوو لە سووریا هەبوون، زۆربەیان لە حەلەب و دیمەشق بوون. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئایاری 1948، زۆربەی جووانی سووریا و ملیۆنێكی دیکە لە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ئێران بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کرد.
لە 1958 تاوەکو نەوەدەکانی سەتەی رابردوو، ژمارەیان بۆ 30 هەزار کەمبووەوە؛ لە 1991 تاوەکو 2011 ژمارەیان بووە 100 کەس. ئێستا تەنیا 9 جوو لە سەرانسەری سووریا ماون، هەموویشیان بەساڵاچوون.
بەرەکات حەزروومی، خەڵکی سووریایە و موسڵمانە، دەڵێت: "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئایینەکاندا نییە، دەتوانن بگەڕێنەوە، پێشتر جوو، کریستیان و موسڵمانان پێکەوە دەژیان و هیچ کێشەیەکیشیان نەبووە".
ئەو وێرانییەی کە شەڕی 13 ساڵەی ناوخۆی سووریا بەدوای خۆیدا هێنا؛ موسڵمان، کریستیان و پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەشی گرتەوە، ژمارەی کریستیانەکان لە 1.5 ملیۆن کەسەوە بۆ 300 هەزار کەس کەمبووەوە و پێشبینی زیاتر کەمبوونەوەشیان دەکرێت.