ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی دیمەشقی بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل بە مووشەک، چەند ناوچەیەکی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریای کردە ئامانج و سووریاش دەڵێت، لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە، ژمارەیەک لەو مووشەکانەی تێکشکاندووە.
شەوی پێنجشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2023، سوپای سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئاراستەی پایتەختی سووریا کردووە و چەند پێگەیەکی جیاوازی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج، کە یەکێک لە هێرشەکانیش بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی دیمەشق بووە.
سوپای سووریا دەڵێت، سیستمی دژە مووشەکی وڵاتەکەی، زۆربەی مووشەکەکانی تێکشکاندووە و هێرشەکانیش "تەنیا زیانێکی کەمی ماددییان لێکەوتووەتەوە."
ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سووریا، ئەو پێگانە دەکەنە ئامانج کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکاردەهێندرێن و چەکیان تێدا کۆگە کردووە.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی غەززەش، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگە و کاروانە سەربازییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە.
رۆژی دووشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2023، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلدا لە ناوچەی سەیدە زێنەب لە شاری دیمەشق، رەزی موسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کردە ئامانج و کوشتی.
لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، ئیسرائیل 73 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر 127 ئامانج لەنێوخۆی سووریا کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 110 کەس، کە زۆربەیان سەربازی سووریایی و چەکداری گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بوون و 117ی دیکەشی بریندار کردووە.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، لەدوای ئەوەی ئیسرائیل فرۆکەخانەی دیمەشقی کردە ئامانج، فرۆکەخانەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی وەستان.