هۆشەنگ دەروێش: حکومەتی سووریا و ئەنجوومەنی سەربازی منبج رێککەوتوون

رووداو-هەولێر

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە ئاگاداری رووسیا رێککەوتنێک لەنێوان ئەنجوومەنی سەربازی منبج و حکومەتی سووریا ئەنجامدراوە بۆ پاراستنی سنووری سووریا.

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی رەوشی شاری منبج و جموجۆڵە سەربازییەکان لەو شارە رایگەیاند: "رێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی هێزەکانی سووریا لە سنووری منبج بڵاوەیان پێبکرێت بۆ ئەوەی ببنە نێوانێک لە نێوان منبج و ئەو چەتانەی تورکیا هێناویەتە سەر چەمی ساجوور".

هۆشەنگ دەروێش، دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ئێمە قسە دەکەین هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر ئەرزی واقیعدا دروستنەبووە، تاوەکو ئێستاش ئەنجوومەنی سەربازی و ئەنجوومەنی سڤیلی منبج کاری ئاسایی خۆیان لەنێو منبجدا دەکەن، هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لە ئەرکەکانی خۆیان بەردەوامن، هێزێکی سەر بە رژێم و رووسیا لە ناوچەی عەریمە دان، ئەو هێزە ناتوانن دەربازی منبج ببن تاوەکو ئەو خاڵانە هەبن کە هێزە نێودەوڵەتییەکانی تێدا جێگیرکراون، ئەگەر ئەو هێزانە نەمێنن و بڕۆن، ئەوکات بە دڵنیاییەوە هێزەکانی دەوڵەت دێن و خاکەکەیان دەپارێزن، ئەمە ئەرکی ئەوانە".

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "رێککەوتنی نێوان ئەنجوومەنی سەربازی منبج و حکومەتی سووریا بە ئاگاداری رووسیا و ئەمریکا و هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکانە، کاتێک ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە شوێنەکانیان چۆڵدەکەن بێگومان دەوڵەتێک هەیە، ئەو دەوڵەتە دەبێت سنوورەکانی خۆی بپارێزێت".

لە سەرلەبەیانی هەینییەوە رەوشی منبج بەرەو ناسەقامگیری چووە و دوای ئەوەی یەپەگە داوای لە حکومەتی سووریا هێز بنێرێتە ئەو سنوورە بۆ ئەوەی لە مەترسی تورکیا بیپارێزن، سوپای سووریا چەند یەکینەیەکی ناردووەتە ئەو ناوچەیە و لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بچنەنێو منبج.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان