رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، ئەمڕۆ هەینی کۆنترۆڵکردنی پێنج گەڕەکی رۆژئاوای شاری حەلەبی سووریایان راگەیاند، دوای ئەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە. سوپای سووریاش دەڵێت، بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و ژمارەیەک شوێنیان لە دەستی گرووپە چەکدارەکان دەرهێناوە.
ئەمە یەکەمین جارە لە ساڵی 2016ـەوە هێرشێکی گەورەی لەم جۆرە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بکرێتە سەر دووەم گەورەترین شاری سووریا، دوای ئەوەی لەو ساڵەدا دوای هێرشی چڕی حکومەتی سووریا بە پشتیوانی رووسیا، ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات لە گەڕەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە دەرکران.
شایەتحاڵەکان دەڵێن، بەشێکی زۆری خەڵك بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای حەلەب هەڵاتوون.
ئەمڕۆ سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دەوروبەری حەلەب و ئیدلب بەرپەرچی هێرشی "گرووپە تیرۆریستییەکان"ی داوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و چەکە قورسەکانیان لەنێوبردووە؛ بەڵێنیشیدا کە شکست بە هێرشەکە بێنێت و گرووپە چەکدارەکانیشی تۆمەتبارکرد بەوەی زانیاریی هەڵە لە بارەی پێشڕەوییەکانیانەوە بڵاودەکەنەوە.
دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان رۆژی چوارشەممە دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر شاری حەلەب و تاوەکو ئیستا کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 60 گوند و شارۆچکەیان راگەیاندووە.
هێرشەکە لە کاتێکدا هات کە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییان لە هێزەکانی سووریا کردووە، بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن.
سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دوو هێرشی خۆکوژییان لە رێگەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کردووە.
دەستەی تەحریری شام پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو و لە بنەڕەتدا لقێکی سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو.
ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرماندەی گشتیی گرووپە چەکدارەکە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاکراوەتەوە، دەڵێت، "موژدەتان پێدەدەین کە دەستمان کردووە بە چوونە نێوەوەی شاری حەلەب بۆ ئەوەی لە ژێر ستەم دەریبێنین" و داوا لە دانیشتووانی شاری حەلەبیش دەکات لەگەڵیاندا هاوکار بن.
میدیای فەرمیی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو جەرگەی شاری حەلەب و "هێڵەکانی بەرگریی هێزەکانی رژێمیان لە گەڕەکەکانی حەمدانییە، حەلەبی نوێ و زەهرا تێکشکاند."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا نزیکەی 70 شوێن لە پارێزگەکانی حەلەب و ئیدلب کەوتوونەتە دەستی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی.
لەدوای شەڕەکەی ساڵی 2020 کاتێک هێزەکانی حکومەتی سووریا ژمارەیەکی زۆری ناوچەکانی لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان دەرهێنا، ئەم شەڕەی ئێستا سەختترین شەڕە لە باکووری رۆژئاوای سووریا کرابێت.
سوپای سووریا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان بەم هێرشە رێککەوتنێکی ساڵی 2019یان پێشێلکرد کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ