هێزی پشتیوانی بۆ سوپای سووریا گەیشتە حەلەب


رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێزێکی پشتیوانی بۆ پاڵپشتیکردن لە سوپای سووریا گەیشتووەتە حەلەب، ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، تاوەکو ئێستا چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن 50 گوند و شارۆچەکەی حەلەب و ئیدلبیان کۆنترۆڵ کردووە. 
 
رۆژی هەینی سەرچاوەیەک لەنێو حکومەتی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "هێزی پشتیوانی گەیشتە حەلەب".
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی سووریا دەشڵێت: "شەڕێکی تووند هەیە و پێکدادان لە رۆژئاوای حەلەب بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان [چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن] نەگەیشتوونەتە شارەکە".
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەرپەرچی چەند هێرشێکی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنیان لە حەلەب داوەتەوە و رێگرییان کردووە پێشڕەوی زیاتر بکەن. 
 
ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکە بۆ 238 کەس بەرزبووەتەوە و سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، چوار ئەندامی دیکەی گرووپەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کوژراون.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، زیاتر لە 50 گوند و شارۆچکەیان لە حەلەب و ئیدلب کۆنترۆڵ کردووە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پارێزگای حەلەب بە سەرکردایەتی گرووپی تەحریری شام بەردەوامە و رێگەی نێوان دیمەشق و حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە شاری حەلەبەوە دوورن.
 
جگە لەو رێگەیە، گرووپە چەکدارەکان رێگەی نێوان حەلەب و لازقییەشیان داخستووە.
 
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دەستەی تەحریری شام ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر لانیکەم 10 پێگەی سوپای سووریا.
 
پێش ئۆپەراسیۆنەکەی دەستەی تەحریری شام، سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری ئیدلب زیاد کرد، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنە.
 
بەرپرسانی رووسیا ئەمڕۆ رایانگەیاند، داوایان لە حکومەتی سووریا کردووە سەقامگیری بۆ حەلەب بگێڕێتەوە. 
 
دیمیتری پێشکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن گوتی: "ئەوەی لە حەلەب روودەدات، پێشێلکردنی سەروەریی رووسیایە. ئێمە پاڵپشتی لە حکومەتی سووریا دەکەین بۆ ئەوەی بەخێرایی سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێنێتەوە."
 
رووسیا و سووریا پەیوەندییەکی قووڵیان هەیە و لە ساڵی 2015 رووسیا دەستێوەردانی سەربازی بۆ پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کرد و هێرشی ئاسمانی کردە سەر رێکخراوی داعش و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.