سێنتکۆم: لە دوو هێرشی ئاسمانیدا "37 تیرۆرستمان" لە سووریا کوشت

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دوو هێرشی ئاسمانیدا "37 تیرۆرست"یان کوشتووە کە "بەرپرسانی باڵای داعش و حوراسولدینی سەر بە قاعیدەیان" لەنێودا بووە.

هێزە ئەمریکییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "ئەو هێرشانە بەشێکن لە پابەندیی بەردەوامی سێنتکۆم لەگەڵ هاوپەیمانان لە ناوچەکە، بۆ پەکخستن و کەمکردنەوەی هەوڵی تیرۆرستان بۆ پلاندانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و هێزی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەناوچەکە."

بەگوێرەی سێنتکۆم، یەکێک لەو هێرشانە، لە 16ی ئەم مانگە بووە بۆ سەر "شوێنێکی مەشق و راهێنانی داعش لە نێوەڕاستی سووریا،" کە تێیدا لانیکەم 28 چەکداری داعش کوژراون، "لەنێویاندا لانیکەم چوار سەرکردەی باڵا."

هێرشی دووەم لە 24ی ئەم مانگە بووە بۆسەر شوێنێکی باکووری رۆژئاوای سووریا. سێنتکۆم دەڵێت، لەو هێرشەدا، "لانیکەم 9 تیرۆریست کوژران، لەنێویاندا مەروان بەسام عەبدولڕەئوف، کە سەرکردەیەکی باڵای حوراسولدین بووە لە سووریا."

وەکو سێنتکۆم دەڵێت، حوراسولدین، گرووپێکی سەر بە رێکخراوی قاعیدەیە لە سووریا "کە مەرامی جیهانیی هەیە بۆئەوەی هێرش لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا ئەنجام بدات."

هێزە ئەمریکییەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کوشتنی مەروان بەسام مانگێک دوای کوشتنی ئەبو عەبدولڕەحمان مەککی دێت کە ئەویش سەرکردەیەکی باڵای دیکەی حوراسولدین بووە.

مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، "ئەم هێرشە ئاسمانییانەی دژی سەرکردایەتی و ئەندامانی داعش و حوراسولدینی سەر بە قاعیدە، پابەندیی سێنتکۆم بە لەنێوبردنی بەردەوامی رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە ناوچەی بەرپرسیارێتیی سێنتکۆم پێشاندەدات."