لە عەفرین پێنج ژنی کورد لە زیندانی گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆندا دەدۆزرێنەوە

رووداو – هەولێر

دوای ئەوەی شەڕ لە نێوان گرووپێکی سووری و عەرەبە هاوردەکانی غوتەی رۆژهەڵات لە گەڕەکی مەحموودیەی شاری عەفرین دروستبوو، لە نێو زیندانی گرووپەکەدا پێنج ئافرەتی کورد دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند دوێنێ پێنجشەممە شەڕ لە نێوان گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ناوی حەمزات و عەرەبەکانی غوتەی رۆژهەڵات کە لە عەفرین نیشتەجێکراون دروستبووە.

ئەو سەرچاوەیە هۆکاری شەڕەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "شەڕەکە لەسەر 400 لیرەی سووری بووە، چەکدارانی گرووپی حەمزات، شتیان لە دووکانێک بردووە کە خاوەنەکەی غوتەییە، پارەکەیان نەداوەتێ لەسەر ئەمە بووەتە دەمەقاڵییان، چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکە".

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە پاشان غوتەییەکان کە زۆربەیان سەر بە گرووپی سوپای ئیسلامن، پەلاماری بارەگای گرووپی حەمزاتیان داوە و دەستیان بەسەردا گرتووە. لە نێو بارەگاکە بەندیخانەیەکیان دۆزیوەتەوە کە پێنج ئافرەتی کوردی دانیشتووی عەفرینی تێدابووە و پێشتر لەلایەن ئەو گرووپەوە رفێندراون.

خەڵکی غوتەی رۆژهەڵات لەو بارەیەوە پەیامێکی سێ خاڵیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند داوایانکردووە گرووپی حەمزات لە عەفرین دەربکرێن. هۆکاری هەبوونی ئەو پێنج ژنە لە گرتووخانەکەی گرووپەکەی حەمزات ئاشکرا بکرێن. هەروەها ئەوانەی دەستیان لەو رووداوەدا هەبووە سزا بدرێن.

بەگوتەی غوتەییەکان ئەو کاتەی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکەی گرووپی حەمزات، چەکدارەکانی نێو بارەگاکە تەقەیان کردووە، بەو هۆیەوە دوو کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە. سێ کەسیش بریندار بوون.

هەمان سەرچاوە گوتی: "دوای ئەوەی چەکدارانی گرووپەکە لە بارەگاکانیان هەڵاتوون. پۆلیسی سەربازی چوونەتە نێو بارەگاکە و ئەو پێنج ژنەیان لە نێو بارەگاکە دۆزیوەتەوە". بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە بەگشتی زیندانەکە 11 ژن و شەش پیاوی تێدابووە.

هەرێمی عەفرین کە یەکێکە لە کانتۆنەکانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاڤای کوردستان لە 18ی ئاداری 2018 لەلایەن تورکیا و چەند گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتگیریان دەکات، داگیرکراوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو گرووپانە پێشێلکاری زۆریان بەرامبەر خەڵکی رەسەنی شارەکە، کە زۆرینەیان کوردن، کردووە، لەوانەش کوشتن و رفاندنی خەڵک و تەعریبکردنی ناوچەکە.