هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش: هەسەدە قاچاخچییەکی چەکی داعشی دەستگیرکرد

29-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەندامێکی داعشیان بە ناوی عید حەسەن حەمود ئەلفەهەد لە دێرەزوور دەستگیرکردووە کە بەرپرس بووە لە بەقاچاخبردنی چەک بۆ داعش. 
 
ئەمڕۆ شەممە 29-04-2023، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: "لە بەرەبەیانیی رۆژی 28ی نیسانی 2023، هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعش و پەکخستنی جموجوڵەکانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور ئەنجامدا."
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت: "هەسەدە بە یارمەتی و راوێژی هێزەکانی هاوپەیمانان، پلانێکی سەرکەوتووانەی بۆ دەستگیرکردنی عید حەسەن حەمود ئەلفەهەد دانا و جێبەجێکرد، کە بە ئەندامێکی داعش دادەنرێت و ناسراوە بە بەقاچاخبردنی چەک و تەقەمەنی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "مەبەست لە بەئامانجکردنی قاچاخچیانی چەکی داعش لە لایەن هەسەدەوە، پەکخستن و رێگریکردنە لە توانای داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشی دڕندانە لە ناوچەکە."
 
رۆژی 27ی نیسان، هەسەدە ئەندامێکی دیکەی لۆجستیی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکە دەستگیرکرد، دووشەممەی هەفتەی رابردووش چوار ئەندامی دیکەی گرووپە پەڕگیرەکەیان لە رەققە دەستگیرکردن. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لە "پابەندبوون"ی خۆی بە "راوێژدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاساییش و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە."
 
داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سووریا و عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی کۆنتڕۆڵکرد و خەلافەتی راگەیاند. لە ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و لە ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، دوای شەڕێکی خوێناویی سەختی هێزە خۆجێیەکان بە پشتییوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکرد، رووخاندنی خەلافەتەکە راگەیێندرا، ژمارەیەکی زۆری چەکدار و کەسوکاریان دەستگیرکران کە بەشی هەرە زۆریان لە کەمپ و گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان خراونەتە ژێر چاودێریی هەسەدەوە. بەشێکی چەکدارەکانیشی کە بەجێماون، خۆیان لە بیابانەکانی سووریا و شاخ و شوێنە دوورەدەستەکانی باشووری کوردستان و عێراق گیرکردووە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە لە کۆتایی 2022 بڵاویکردووەتەوە، مەزەندە دەکرێت شەش هەزار بۆ 10 هەزار چەکداری رێکخراوە "بە تیرۆرست" پۆڵێنکراوەکە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق مابن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە