رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا رابگەیێندرێ، بەڵام بۆ کاژێر 10:00ی ئەمشەو دواخرا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کابینەی حکومەتی نوێی سووریا، لە 22 وەزارەت پێکدێت. ئەحمەد شەرع، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانیشە.
بەپێی زانیارییەکان، سێ وەزیری ئێستای حکومەتی راگوزەر لەجێی خۆیان دەمێننەوە کە عەلی کیدە، وەزیری ناوخۆ؛ مورهف ئەبوو قەسرا، وەزیری بەرگری و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەن.
کورد لەنێو حکومەتە نوێیەکەدا جێیان نییە، ئەگەریش هەبێت، لەسەر ئاستی تاکەکە کەسییە. بۆیە ئەنەکەسە و پەیەدە و پارتەکانی دیکە، بایکۆتی حکومەتیان کردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، هەندێک وەزارەت نامێنن و دەکرێنە فەرمانگە یان نووسینگە.
سەرۆکی ئەنجومەنەکانی خۆجێیی ئەنەکەسە رایگەیاند: "ئێمە نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری رێوڕەسمی راگەیاندنی کابینەی حکومەتی کاتیی سووریا ناکەن. نەشئەت زازا، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە رووداوی گوت: "هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ حکومەتی نوێ نەکردووە و بەشداری حکومەتێک نابن کە مافەکانی گەلی کورد وەک دووەم نەتەوەی گەورەی سووریا بە فەرمی ناناسێت و مافەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا زامن ناکات."
زازا دەڵێت: "حکومەتی کاتی، بەبێ راوێژکردن لەگەڵ ئەنەکەسە راگەیێندرا و ئەمە سێیەم جارە کە کورد پشتگوێ دەخرت. دوای راگەیاندنی دەستووری کاتی، ئێستاش حکومەتی نوێ بەبێ کورد پێک دەهێنرێت."
نەشئەت زازا ئاماژەی بەوە کرد کە کەسایەتییە کوردەکان کە لە حکومەتی نوێدا دادەمەزرێن، "بە ئەگەری زۆر وەکو عومەر ئۆسێ و پەروین دەبن کە ئەو کەسایەتییانە لە داواکارییەکانی گەلی کورد دوورن".
بەپێی زانیاریی پشتڕاست نەکراوە، محەممەد تورکۆ، هاونیشتمانی خەڵکی عەفرین کە لە دیمەشق نیشتەجێی، دەبێتە وەزیری پەروەردە. هەروەها عەبدولعەزیز تەمۆ، خەڵکی دربێسیێ پۆست وەردەگرێت، بەڵام پۆستەکەی دیار نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ