ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حەلەب و 36 چەکداری سوپای سووریای کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی هەواڵیی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر پارێزگای حەلەب و سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریاش دەڵێن، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 36 چەکداری سوپای سووریا.
 
رۆژی هەینی، 29ـی ئاداری 2024، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ هەینی کاژێر 1:45 خولەکی بەیانی "ئیسرائیلی دوژمن" لەبەرەی باشووری رۆژهەڵاتی حەلەبەوە هێرشێکی ئاسمانی کردووە.
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە نەکردووە کە لە هێرشەکەدا کوژراون، بەڵام رایگەیاندووە، جگە لە کەسانی سەربازی، چەندین کەسی دیکەی سڤیلیش کوژران و بریندار بوون. 
 
سەرچاوە خۆجییەکانی سووریاش رایانگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل ناوچەیەکی نزیک لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج. 
 
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن: "لانیکەم 36 چەکداری سەر بە سوپای سووریا کوژراون و چەندین سەربازی دیکەش بریندار بوون".
 
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، سەدان هێرشی ئاسمانی  کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
 
ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.