رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بڕیاری دا ئەحمەد شەرع بۆ قۆناخى راگوزەر بکاتە سەرۆکى ئەو وڵاتە، هەروەها پەرلەمان، حیزبى بەعس و سوپاى سووریاى هەڵوەشاندنەوە.
چوارشەممە 29ـی کانوونى دووەمى 2025، حەسەن عەبدولغەنى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا ئەو بڕیارانەى راگەیاند.
بەگوێرەى بڕیارەکان کارکردن بە دەستوورى ساڵى 2012 راگیرا، کۆتایی بە سەرجەم یاسا هەڵاوێردەرەکان درا و پەرلەمان هەڵوەشێنرایەوە، هەروەها سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرایەوە و بڕیاردرا سوپایەکى دیکە بونیات بنرێت.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان، سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى سەر بە دەسەڵاتى پێشووى سووریا هەڵوەشێنرانەوە، لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەى ئەو دەسەڵاتە پێکیهێنابوون
هەروەها بڕیاردرا رۆژى 8ـی کانوونى یەکەم بکرێتە رۆژى نیشتمانى، کە رۆژى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد بوو.
حەسەن عەبدولغەنى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بڕیارێکی لەبارەی چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان دا، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و لکاندنیان بوو بە دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە.
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا رایگەیاند؛ بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو دراوە، کە حەوت حیزب لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش رێگەیان پێنادرێت لە ژێر هیچ ناوێکدا پێکبهێنرێنەوە و هەموو پارەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتى سووریا.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانى ئەوەیە؛ ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دیاریکرا و، وەک سەرۆککۆمار لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتیی وڵاتەکە دەکات.
ئەحمەد شەرع، وەک سەرۆککۆمار راسپێردرا پەرلەمانێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکبهێنێت، تاوەکو دەستوورێکى هەمیشەیی پەسند دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ