رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا رایدەگەیێنێت، کە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشق کوژران و برینداربوونی چەند کەسێکی لێکەوتووەتەوە. میدیای ئێرانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، لە هێرشەکەدا ناوەندێکی راوێژکاری ئێرانییەکان کراوەتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل چەند مووشەکێکی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئاراستەی چەند ناوچەیەکی باشووری دیمەشقی پایتەخت کردووە.
سوپای سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، "ئەو شەڕانگێزییە بووەتە هۆی ئەوەی چەند کەسێکی سیڤیل شەهید و بریندار ببن".
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکی لەسەر هێرشەکە نەداوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، هێرشەکە کێڵگەیەکی کردووەتە ئامانج کە چەند چەکدارێکی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی نزیک لە ئێرانی تێدا بووە.
سەرچاوە خۆجێیەکان هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی حەوت کەس، کە چواریان هاووڵاتی سوورین و یەکێک لە کوژراوەکانیش پاسەوانی ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران بووە، بەڵام ناسنامەی کوژراوەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە.
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تادێت گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
دوێنێ یەکشەممە 28-1-2024 هەواڵی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن بووە رۆژەڤی جیهانی کە کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی 34ی دیکەی لێکەوتەوە.
ئەوە یەکەمجارە لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023ەوە سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشی درۆنی یان مووشەکی دەکوژرێت و تائێستا هیچ گرووپ یان رێکخراوێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە نەگرتووەتە ئەستۆ.
لە 17-10-2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، دەڵێن زیاتر لە 170 جار هێرشیان کردوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ