رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: زانیاریی هەڵەیان لەسەر هەڵوێستمان سەبارەت بە دیالۆگی کوردی-کوردی بڵاوکردووەتەوە.
ئەنەکەسە ئاماژە بەوە دەکات، کارکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لەپێناو یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد، دژی کارکردن نییە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووری و لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییە سوورییەکانی دیکە.
ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ (شەممە، 28-12-2024)ـیدا دەڵێ: هەندێک لە پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک پەیامنێر، زانیاریی هەڵەیان لەسەر هەڵوێستی ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە دیالۆگی کوردی - کوردی بڵاوکردووەتەوە. ئێمە جەخت لەمانەی خوارەوە دەکەینەوە:
1. ئەوەی لەو بڵاوکراوانەدا هاتووە، هیچ راست نییە و گوزارشت لە هەڵوێستی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی ناکات.
2. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بونیادنانی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردی بە بژاردەیەکی ستراتیژی دەزانێت و ئەنجوومەن کار بۆ بەدیهێنانی ئەوە دەکات بە شێوەیەک کە لەگەڵ مافەکانی گەلەکەمان و دۆزی نەتەوایەتیمان بگونجێت، لەگەڵ رەچاوکردنی پێشهاتەکانی قۆناخی ئێستا و بەرپرسیارێتییەکانی دوای رووخاندنی رژێم.
3. کارکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لەپێناو یەکگرتوویی هەڵوێستی کوردی، دژی کارکردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووری و لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییە سوورییەکانی دیکە نییە، بەو شێوەیە خزمەت بە خواستەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکات و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا دەپارێزێت.
لە هەندێک پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابووەوە؛ ئەنەکەسە لەگەڵ دیالۆگی کوردی - کوردی نییە و لەم بارەیەوە جیدی نییە. لەو پۆستانەدا هاتووە کە ئەنەکەسە لەگەڵ ئەوەدا نییە شاندێکی یەکگرتووی کوردی و هاوبەش هەبێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ شام. هەندێک پۆست ئاماژەیان بەوە داوە ئەگەر ئەنەکەسە لەگەڵ دیالۆگی کوردی - کوردی بێت، ئەم هەڵوێستەی دژی مانەوەیەتی لە نێو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆن دا.
ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەیدا جگە لە رەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، داوا لە هەموو لایەک دەکات "وردبن لە وەرگرتنی زانیارییەکانی تایبەت بە ئەنجوومەن لە گوتەبێژی فەرمی و دەستەی سەرۆکایەتییەوە. هەروەها خۆبەدووربگرن لە بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی هەواڵی هەڵە کە ئامانج لێی شێواندن و خراپەکارییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ