لوبنان 70 ئەندامی هێزەکانی ئەسەد رادەستی سووریا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا رایگەیاند، لوبنان 70 ئەندامی هێزەکانی بەشار ئەسەدی رادەستکردوونەتەوە کە پێشتر رایانکردبووە لوبنان.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، ئەفسەرەکان بەئامادەیی شاندێکی ئەمنیی لوبنانی لە دەروازەی سنووریی عەریزەی نێوان لوبنان و سووریا لە گوندەواری تەرتووس، رادەستکراون.
ئەفسەرەکان بە سێ پاسی سەر بە ئاسایشی گشتیی لوبنان و بە یاوەریی کاروانی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی هەواڵگریی سوپا و ئاسایشی گشتیی لوبنان، گوێزرانەوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی سووریا لە بەیرووت، لەسەر فەرمانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، هەڵپەساردنی کاروباری کۆنسوڵگەریی تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
پێشتر بەسام مەولەوی، وەزیری ناوخۆی لوبنان رایگەیاندبوو، هەر هاووڵاتییەکی سووریا تۆمەتی لەسەر بێت، رێگەی پێنادەن بچێتە وڵاتەکەیانەوە.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ناوچەی ستەمەرخۆ لە نزیک شاری لازقییە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ دۆزینەوەی سەرباز و ئەفسەرانی سەر بە رژێمی ئەسەد کرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستگیرکردنی ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەر و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنیی لە لازقییە راگەیاند.