پارێزگاری دیمەشق روونکردنەوە دەدات: قسەکردن لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لە دەسەڵاتی مندا نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە پەیوەندییەکانی سووریای نوێ لەگەڵ ئیسرائیل کرد، پارێزگاری دیمەشق روونکردنەوەی لەسەر هەڤپەیڤینەکە دا.
رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماهیر مەروان، پارێزگاری دیمەشق لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەبارەی هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ میدیای ئەمریکی و قسەکردن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل گوتی: "من وەک پارێزگاری دیمەشق، هەرگیز قسەم لەسەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە و ئەوەش لە دەسەڵاتی مندا نییە. وەزارەتی دەرەوە و سەرکردایەتی هەن" کە لەو بارەیەوە قسە بکەن.
پارێزگاری دیمەشق گوتیشی: "نێوەڕۆکی قسەکانم تەنیا لەبارەی پێکەوەژیانی مەدەنی نێوخۆیی ئاشتییانە بوو"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە قسەکانیدا مەبەستی ئەوە بووە کە "گەلی سووریا پێویستییان بە ئاشتیی نێوخۆیی هەیە و هیچ جەنگێکی دەرەکییان ناوێت".
ماهیر مەروان کە لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا کەمتر لە خولەکێک قسە دەکات، گوتیشی: "لەوانەیە دەربڕینەکەم ناتەواو بێت، بەڵام خودا هەمیشە چاودێرە بەسەرمانەوە و بەسەر ئەو شتەش کە گوتوومە و مەبەستم بووە".
دوێنێ ماهیر مەروان کە دوای چوونە سەر دەسەڵاتی تەحریری شام کرایە پارێزگاری دیمەشق، بەناوی ئەحمەد شەرعەوە قسەی بۆ میدیای ئەمریکی کرد.
پارێزگاری دیمەشق باسی لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سووریای نوێ لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئیسرائیل ترسی لە دۆخەکە هەبوو، ئەوەش شتێکی "سرووشتییە."
ماهیر مەروان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئیسرائیل لەوانەیە هەستی بە ترس کردبێت، هەربۆیە کەمێک پێشڕەوی کرد و کەمێکیش بۆردوومانی کرد."
پارێزگارە نوێیەکەی دیمەشق گوتی، ئەوان لە سووریای نوێدا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە؛ گوتیشی : "هیچ ترسێکمان بەرامبەر ئیسرائیل نییە. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە".
ماهیر مەروان گەلی سووریای بە ئاشتیخواز ناوبرد و گوتی: "لێرە [لە سووریا] کەسانێک دەژین کە دەیانەوێت پێکەوەژیان هەبێت. ئەوان ئاشتییان دەوێت. ئەوان کێشەیان ناوێت."
ماهیر مەروان دەشڵێت: "ئێمە ئاشتییمان دەوێت، هەروەها نامەوێت ململانێمان نە لەگەڵ ئیسرائیل و نە لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە هەبێت."