رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سوپای حکومەتی سووریا 132 کەس کوژراون.
دوێنێ چوارشەممە، 27-11-2024، لە پارێزگای حەلەب لە نێوان چەند گرووپێکی چەکدار و هێزەکانی حکومەتی سووریا شەڕ و پێکدادان درووست بوو.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجییەکانی حەلەب بۆ رووداو، لە دووریی کەمتر لە 10 کیلۆمەتر دەنگی تۆپ و بۆردوومان لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای شارەکە دەبیسترێت.
موعتەز ناسر، چالاکڤان لە گوندەکانی رۆژئاوای حەلەب دەڵێت: "ژووری ئۆپەراسیۆنی فەتح موبین، کە دەستەی تەحریر شام، ئەحرار شام، جەیش عەززە و ژمارەیەک گرووپی دیکە لە خۆدەگرێت شەڕێکی راگەیاند و ناوی نا راگرتنی شەڕانگێزی، لەو شەڕەدا ژمارەیەک گوند و ناوچە لە رۆژئاوای حەلەب رزگار کران، لەوانە گوندی عەین جارا، عاجل، عوێجل ، قوبتان جەبەل، هۆت، ئۆرم سوخرا و ئۆرم کوبرا".
سوپای سووریا رایگەیاند، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکان بوونەتەوە و زیانی گەورەیان لێداون.
موتاز ناسر، چالاکڤان لە گوندەکانی رۆژئاوای حەلەب باس لەوە دەکات: "دوای ئەوەی رژێمی سووریا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە ساڵانی 2018 بۆ 2020 ئەم ناوچانەیان کۆنترۆڵ کرد، بە هاوکاری لەگەڵ چەکدارانی ئێران خەڵکیان کۆچبەر و دەربەدەر کرد. ئێمە باسی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەر بوون دەکەین لەو ساڵانە، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس کۆچبەر بوون، بەشێکیان لە تورکیا یان وڵاتانی ئەورووپا بوونە پەنابەر و بەشێکیش بوونە ئاوارەی نێوخۆ لە شارە جیاکانی وەکو عەفرین و ئیدلب".
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لە پێکدادانەکەدا 132 کەس کوژراون، 65یان سەر بە دەستەی تەحریر شام، 18ـیان لە گرووپەکانی دیکە و 45ـیان سەر بە سوپای حکومەتی سووریا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ