بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ سەر سوپای سووریا زیاتر لە 100 کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، لە باکووری حەلەب پێکدانان لەنێوان گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و سوپای ئەو وڵاتە روویداوە و بەوهۆیەوە لانیکەم 100 کەس کوژراون.
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، پێکدادانەکەی رۆژی چوارشەممە دوای ئەوە روویانداوە، کە "دەستەی تەحریر شام ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە" و هێرشی کردووەتە سەر لانیکەم 10 پێگەی سوپای سووریا.
 
ئۆپەراسیۆنەکەی دەستەی تەحریر شام دوای ئەوە دێت، کە ماوەی چەند هەفتەیەکە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای سووریا بە هاوکاری سوپای رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری ئیدلب زیادیان کردووە، کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شامـە.
 
ئامارەکانی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا ئەوە دەردەخەن، کە پێکدادانەکە بووەتە هۆی ئەوەی 44 چەکداری دەستەی تەحریر شام و 16 چەکداری گرووپە هاوپەیمانەکانی دیکەی بکوژرێن و ئاماژە بەوەش دەکەن، کە 37 سەربازی سوپای سووریا کوژراون و لانیکەم پێنج کەسیشیان دەستگیر کراون.
 
چەکدارانی تەحریر شام و گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە دەورووبەری حەلەب پێشڕەوییان کردووە و چەندین کیلۆمەترێکیش لە شارۆچکەکانی نوبل و زەهرا دوورن.
 
ئەوە یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2020 دەستەی تەحریر شام 10 کیلۆمەتر پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا بکات، بەتایبەت کە لەو ساڵە، هەریەکە لە رووسیا کە پاڵپشتی لە ئەسەد دەکات و تورکیا کە پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەکات رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و ئاگربەستیان راگەیاند.
 
تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی لایەنگری لە ساڵی 2016ـەەوە بەشێکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکردووە و شوێن پێی خۆیان لە هەریەکە لە پارێزگای ئیدلب، باکووری حەلەب، هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوی کوردستان و شارۆچکەکانی راس عین و راس ئەبیەز لە نزیک سنووری تورکیا قایم کردووە.
 
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
 

ڤیدیۆی گرووپە چەکدارەکان کاتێک چەند پێگەیەکی هێزەکانی سووریا (بەشار ئەسەد)  لە ئیدلب بۆردوومان دەکەن