ئیبراهیم رەئیسی سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی سووریا، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژە دەگاتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ دەکەن.

میدیای سووریا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی ژمارەیەک رێککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد واژۆ دەکات و زۆربەی ئەوانیش لە بواری ئابوورییدا دەبن. ئەمە دەبێتە یەکەمین سەردانی هەر سەرۆککۆمارێکی ئێران بۆ سووریا لە ساڵی 2011ـەوە.  
 
بە گوتەی بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی سووریا، نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە لە یەکدی و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سووریا لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییەوە لەو هۆکارە سەرەکییانەن وایانکردووە رەئیسی پێی باش بێت لەم کاتەدا سەردانەکە بکات. 
 
ئێران هاوپەیمانێکی سەرەکیی سووریایە و لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011دا بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی سوپای سووریای دا بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هێرشی گرووپەکانی نەیاری ئەسەد خۆی رابگرێت، بەڵام ئەو یارمەتییە بەتەنیا بەس نەبوو، هەربۆیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا رووسیا لە رێگەی سەربازییەوە دەستوەردانی کرد و ئەوەش بووە هۆکار بۆئەوەی سوپای سووریا بتوانێت بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتە بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. 
 
ساڵی 2016 بەرپرسێکی ئێرانی بە میدیای بەریتانی راگەیاند، لە ساڵی 2011ـەوە زیاتر لە هەزار سەربازی ئێرانی و چەکداری پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە سووریا کوژراون؛ راپۆرتێکی ساڵی 2022ـی رێکخراوێکی سووریش ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2011ـەوە نزیکەی 10 هەزار سەرباز، چەکداری پاڵپشتیکار لە لایەن رووسیا و ئێرانەوە لە سووریا کوژراون، بە جۆرێک 1712 کەسیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون و 8628 کەسی دیکەشیان سەربازی ئێرانی، رووسی و چەکداری پاڵپشتیکراو لە لایەن حکومەتی ئەو دوو وڵاتەوە بوون.