رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چەند رۆژێکە بەنێو شارە گەورەکاندا بڵاوبوونەتەوە و دەڵێن، بەدوای سەبازانی سوپای پێشووی حکومەت دا دەگەڕێن.
ساڵح یوسف، چەکداری تەحریری شامە و باس لەوە دەکات، "ئێمە خەڵکی سڤیل دەپشکنین و خاڵی پشکنینمان لە گەڕەکەکان داناوە تاوەکو رێگری لەو کەسانە بکەین کە پەیوەندییان بە رژێمی پێشوو هەیە، بۆ ئەوەی زیان بە ناوچەکە نەگەیێنن و خۆپێشاندان نەکەن."
سێشەممەی رابردوو، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیێکی سووتاندنی مەزارگەیەکی عەلەوییەکان، لە ژمارەیەک شار و شارۆچکە دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و چەکدارانی دەستەی تەحریری شامیان بە سووتاندنی مەزارگەکەیان تۆمەتبار کرد.
حکومەتی کاتی سووریا لەدوای ئەو رووداوانە رێكاری تووندی لە شارەکانی رۆژئاوای سووریا راگەیاند و بە ئۆپەراسیۆن بۆ لەناوبردنی (پاشماوەکانی ئەسەد) ناساندی و لە شارەکانی تەڕتووس، لازقیە و حمس قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
عەللا عەمران، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری حمس دەربارەی رێکارە ئەمنییەکان رایگەیاند، "لە فەرماندەی گشتییەوە، فەرمانمان پێکراوە کە بەخێرایی رێکاری تووند بگرینەبەر و ئەو کەسانە راو بنێین کە پەیوەندی یان شوێنکەوتووی رژێمی پێشوون و دەستگیریان بکەین و راپێچی دادگەیان بکەین. چەند رۆژێکە هێزە ئەمنییەکان بە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێکراوە بەمەبەستی پاراستنی موڵک و ماڵی خەڵک و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە."
چەکدارانی تەحریری شام لە زۆربەی شوێنەکاندا زۆر بە تووندی رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە و ئەشکەنجەیان دەدەن، بە پاساوی ئەوەی خۆپێشاندانیان کردووە، یان دەستیان لە تاوانەکانی رژێمی پێشوودا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ