رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دیمەشق دەڵێت، ئەوان هیچ ترسێکیان بەرامبەر بە ئیسرائیل نییە و دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دراوسێکەیاندا هەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماهیر مەروان، پارێزگاری دیمەشق کە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تەحریری شام کرایە پارێزگار، بەناوی ئەحمەد شەرع قسەی بۆ میدیای ئەمریکی کرد.
پارێزگاری دیمەشق باسی لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سووریای نوێ لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئیسرائیل ترسی لە دۆخەکە هەبوو، ئەوەش شتێکی "سرووشتییە."
ماهیر مەروان دەڵێت: "ئیسرائیل لەوانەیە هەستی بە ترس کردبێت، هەربۆیە کەمێک پێشڕەوی کرد و کەمێکیش بۆردوومانی کرد."
لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگە سەربازییە ستراتیژییەکانی سووریا، هەروەها هێرشی زەوینی کردە سەر سووریا، چەند گوند و ناوچەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
لەوەتەی بەشار ئەسەد لە 8ـی ئەم مانگەوە لە دەسەڵات نەماوە، ئیسرائیل نزیکەی 500 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا.
"کێشەمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە"
پارێزگارە نوێیکەی دیمەشق گوتی، ئەوان لە سووریای نوێدا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە. ماهیر مەروان دەڵێت: "هیچ ترسێکمان بەرامبەر بە ئیسرائیل نییە، هەروەها کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە."
هەروەها گەلی سووریای بە ئاشتیخواز ناوبرد و گوتی: "لێرە [لە سووریا] کەسانێک دەژین کە دەیانەوێت پێکەوەژیان هەبێت. ئەوان ئاشتییان دەوێت. ئەوان کێشەیان ناوێت."
ماهیر مەروان دەشڵێت: "ئێمە ئاشتیمان دەوێت، هەروەها نامەوێت ململانێمان نە لەگەڵ ئیسرائیل و نە لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ