رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند لە وەڵامی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانیان، هێزەکانی ئەمریکا بۆردوومانی دوو بنکەی ئەو گرووپانەیان لە "رۆژهەڵاتی سووریا" کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 27ی تشرینی یەکەمی 2023، لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سوپای ئەمریکا دوو کۆگەی چەک و تەقەمەنییان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج کە ئەو کۆگەیانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون."
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە: "ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەی لۆید ئۆستندا هاتووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، بەڵێندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازیی دیکەشیان بە سووکی برینداربوون کە ئێستا هەموویان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
ئەو هێرشانەی سووریا، لەدوای هۆشدارییە راستەوخۆکەی رۆژی پێنجشەممەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانییەکان هات، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوەی هیچ هێرشێک نەکەنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لەوبارەیەوە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند: "پەیامێکی راستەخۆیان نارد و دەتوانم هەر ئەوەندە باس بکەم".
لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەوڵیدا ئەو هێرشانەی ئەمریکا لە سووریا، و بە ئامانجکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، نەبەستێتەوە بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە و گوتیشی، "ئەم هێرشانە کە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە، ئامانج لێیان پاراستن و بەرگریکردن بووە لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا. ئەوەش زۆر جیاوازە لەو ناکۆکیەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس هەیە و هیچ گۆڕانکارییەکیش لە هەڵوێستی ئێمە لەو ناکۆکییەدا نییە".
ئەم هێرشانەش لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، 25ی تشرینی یەکەم، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، رایگەیاند لە 17ی ئەم مانگەوە، تاوەکو 26ی مانگ، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە میلشیاکانی نزیک لە ئێران، 16 جار کراونەتە ئامانج و 12 جاریان لە عێراق هێرشیانکراوەتە سەر و چوار جاریش لە سووریا.
هەروەها گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکراشیکرد دواترین هێرش لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر بووە، بەڵام هێرشەکە شکستی پێهێنراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانێکی کەم بە ژێرخانی بنکەکە گەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ