وەزیری دەرەوەی سووریا: دەبێت هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سووریا نەمێنن

27-09-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە ژێر "دروشمی ناڕاست" خاکی سووریا "داگیردەکەن" و سەرچاوە سرووشتییەکەی "تاڵان دەکەن".
 
فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی کاردەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە "داگیرکاری تورکیاو  ئەمریکا بهێنین هەروەک چۆن تیرۆرستانمان لە نێو خاکی سووریا سڕییەوە".
 
میقداد گوتی: "بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنین و بەهەمان گوڕوتینی دەرکردنی گرووپە چەکدارییەکان کار بۆ وەدەرنانی هێزە بیانییەکان دەکەین".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا فەیسەل میقداد ئاماژەی بەوەدا دەرگاکانی سووریا بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان کرایەوە. گوتیشی: "هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە سووریا ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، ئەویش بە بونیادنانەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندا بوون".
 
ئەم گوتانەی فەیسەل میقداد لەکاتێکدان، ناوەڕاستی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا راپۆرتی خۆی خستەڕوو و  گوتی دۆخی سووریا دژوارە، هێشتا گرژی و ئاڵۆزی هەیە و ئابوورییەکەی لە هەرەسهێنانە، کۆڕۆناش بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.
 
کڵاودیۆ پینیرۆ، سەرۆکی ئەو کۆمسیۆنە گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە سووریا دەبینین، شەڕێکە لە دژی خەڵکی سڤیل، چەندین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و تاوان لە رووی یاسای مرۆییەوە بەردەوامن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە