'ئێمە مرۆڤین نەک ئاژەڵ'؛ چیرۆکی ژیانی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش لە کەمپی رۆژ

27-02-2024
لهۆن نەسرەدین
چیرۆکی ژن و منداڵەکان لە کەمپی رۆژ
چیرۆکی ژن و منداڵەکان لە کەمپی رۆژ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

"ئێمە مرۆڤین و ئاژەڵ نین،" ئەمە قسەی زۆربەی دەستبەسەرکراوانە لە ژن و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپی رۆژ لە ناوچەی دێرک لە رۆژئاوای کوردستان.
 
یەکێك لەوانە شەمیمە بیگومە، ئەو ژنەی کە لە میدیای رۆژئاوا بە بووکەکەی داعش نێوبانگی دەرکرد، شەمیمە لە تەمەنی 15 ساڵی لە بەریتانیا بەرەو سووریا هەڵات و پەیوەندی بە داعشەوە کرد. 
 
لە 2019 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وڵاتینامە بەریتانییەکەی لێ سەندەوە. هەفتەی رابردوو دادگەی باڵای بەریتانیا تێهەڵچوونەوەکەی بیگوم بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتینامەکەی و گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا، رەتکردەوە.
 
بیگوم لەنێو خێوەتێکدایە لە کەمپەکە، ناوی داعشی بە قسەیەکی نەشیاوەوە لەسەر دیواری تەنیشتی خێوەتەکەی نووسیوەتەوە، تاوەکو بیسەلمێنێت کە ئەو لە پەیوەندیکردن بەو رێکخراوەوە پەشیمان بووەتەوە. هاوشێوەی زۆربەی ئەو ژنانەی کە نزیکەی پێنج ساڵە لەو کەمپەدا دەژین.
 
ئوم محەممەد کە کوڕێكی تەمەن 7 ساڵی هەیە و لە کەمپەکەیە، دەڵێت: "هەڵەیەکی گەورەم کرد، دەمەوێت بگەڕێمەوە. لێرە قوتابخانە نییە، نە خوێندن و نە نووسین، هیچ شتێک نییە. پزیشکیش نییە، دەمانەوێت بگەڕێینەوە و لەوێ دادگایی بکرێم."
 
جیاواز لە کەمپی هۆل کە ژنانی چەکدارە عەرەبەکانی داعشی تێدایە، کەمپی رۆژ ژنانی وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی لە خۆگرتووە.
 
زەکیە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی هەیە و لە کەمپەکەیە دەڵێت، هاوژینەکەی بە زۆر ئەوی بردووەتە سووریا. "دوو جار هەوڵمدا هەڵبێم، بەڵام منیان گرت و لێشیاندام، لە 2014 کە هاتینە ئێرە، هاوژینەکەم دوای 5 مانگ گیانی لەدەستدا و من ئەو کاتە دووگیان بووم."
 
زەکیە لە ئەڵمانیا دوو منداڵی بووە. لە سووریاش لە چوار هاوژین، سێ منداڵی دیکەی بووە.
 
لە هەردوو کەمپی هۆل و رۆژ نزیکەی 58 هەزار کەس هەن، نیوەیان منداڵن و لە 80٪یان لە خوار تەمەن 12 ساڵانن. تەمەن پێنج ساڵانیش 30٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.
 
کۆستی-دانیشتووی کەمپی رۆژە و خەڵکی ئوسترالیایە، دەڵێت: "زۆر قورسە کە لە شوێنێكدا بیت بەبێ ئازادی و نەشزانیت کەی لێرە دەڕۆیت یان چیت بەسەر دێت."
 
منداڵێکی تەمەن 16 ساڵیش لە کەمپەکە کە نایەوێت جگە لە سێبەرەکەی هیچی دیکەی لە میدیا دەربچێت، دەڵێت، "ئێمە مرۆڤین نەک ئاژەڵ؛ باوکم چەکداری داعش بووە، بۆچی من سزا دەدەن؟"
 
ئەم منداڵانە باجی کردەوەکانی دایک و باوکیان دەدەن، نە دەزانن لە کوێوە هاتوون و نە دەشزانن بەرەو کوێ دەڕۆن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە