هەسەدە یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆی ئیبراهیم کاڵن و ئەحمەد شەرع بووە

27-01-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا (MIT) سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لە ئەنقەرەوە بڵاونەکراوەتەوە و میدیای ئەو وڵاتە دەڵێت، هەسەدە یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکە بووە.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە 26-1-2025 ئیبراهیم کاڵن و شاندێکی یاوەری لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی کاڵن و شەرع، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادەبووە و یەکێک لە مژارەکان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە. 
 
رۆژی 7-1-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "ئێمە وەکو دەوڵەت ساڵانێکە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. ئێستا لەگەڵ واقیعی نوێدا، بە سیناریۆی جیاوازەوە بەردەوامین لەسەر ئەو رێگەیە. پێویستە حکومەتی نوێ لە سووریا خاوەنداری ئەو کێشەیە بکات و هەنگاوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاک و وڵاتەکە بنێت. ئەمە چاوەڕوانیی ئێمەیە." 
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دان بە هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لە ریزەکانی هەسەدەدا دەنێت و دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاگربەست رێکبکەون، هەموو ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی دەرەوەی سووریان، وڵاتەکە جێدەهێڵن. 
 
مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکانی کرد کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە تێکشکاندنی داعش یارمەتیی هەسەدەیان داوە. 
 
فەرماندەی هەسەدە گوتی، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە