رووداو دیجیتاڵ
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گیانلەدەستدانی فەرماندەیەکی لە بەنداوی تشرین راگەیاند.
ئەو هێزە کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هاوڕێمان رۆناهی یەکتا لە سەنگەری بەرخودانی مێژوویی بەنداوی تشرین، کاتێک لە دژی داگیرکاریی تورک و چەتەکانی تێدەکۆشی، گەیشتەوە بە کاروانی نەمران".
ئارشین حەسەن ناسراو بە رۆناهی یەکتا، خەڵکی عەفرینە و لە ساڵی 2012 کاتێک بەرەی نوسرە هێرشی کردە سەر حەلەب، پەیوەندی بە ریزەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕەوە کردووە.
ماوەی 25 رۆژە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین دەدەن کە بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەلەبەوە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکە.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە بە گوتەی خۆی ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین تۆماریکردبوو، باسی لەوە کرد، لە ماوەی 25 رۆژی رابردوودا، شکستیان بە 20 هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هێناوە.
لەو ماوەیەدا، بە گوتەی فەرهاد شامی، "زیاتر لە 450" چەکداری لایەنگری تورکیا کوژراون "دەیان" تانک و زرێپۆشیان تێکشکێنراون.
رۆژی سێشەممە، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی 16 شەڕڤانی خۆی "لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی داگیرکاری تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا" راگەیاند.
فەرهاد شامی لە ڤیدیۆکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، "تورکیا بە زیاتر لە 180 هێرشی ئاسمانی بەنداوی تشرین و دەوروبەری کردوونەتە ئامانج، ئەمە جگە لە هەزاران گوللـەتۆپ کە بەر ئەم ناوچەیە کەوتن و زیانی بەرفراوانی بە بەنداوەکە گەیاند".
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و لە رێگەی تۆڕێک پەیامنێرەوە لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان چاودێریی دۆخەکە دەکات، ئەمڕۆ باسی لەوە کرد، بە بەکارهێنانی "چەکی قورس"، شەڕ لە نزیک بەنداوی تشرین بەردەوامە.
بە گوتەی رێکخراوەکە، هەسەدە پێشڕەویی کردووە و گوندێکی لە نزیک بەنداوەکە کۆنترۆڵکردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ 12 چەکداری لایەنگری تورکیا کوژراون و سێ شەڕڤانی هەسەدە بریندار بوون، دوای ئەوەی کە هەسەدە بەرپەرچی "هەوڵێکی دزەکردنی گرووپە چەکدارەکان"ی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ