ڤیدیۆ.. سەربازانی سوپای پێشووی سووریا ئەشکەنجەدەدرێن و دەکوژرێن

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
کوشتن و ئەشکەنجەدانی سەربازانی ئەسەد
کوشتن و ئەشکەنجەدانی سەربازانی ئەسەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، هێزەکانی سەر بە تەحریری شامن، ژمارەیەک سەربازی سوپای پێشووی سووریایان لەسەر دەم خستووە و ئەشکەنجەیان دەدەن. بەشێکی دیکەیان بە ستوونی کارەباوە بەستووەتەوە و بە چەندین جۆر سووکایەتییان پێدەکەن.
 
ئەوە حاڵی سەربازەکانی سوپاکەی بەشار ئەسەدە کە بەشێکیان بەبێ لێپێچینەوە و دادگایی، دەکوژرێن.
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەری دادگای سەربازی فەرمانی دەرکرد بە لەسێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیکراوانی زیندانی سیدنایا و زیندانەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە دەشتی تەرتووس کرا. ئەوەش دوای ئەوە هات بەلایەنی کەمەوە 14 چەکداری گرووپەکانی ئاسایشی گشتی لە دیمەشق لە بۆسەکاندا کوژران.
 
هێزێکی پۆلیس لە گوندێکی شاری تەرتووسی سووریا کەوتبوونە بۆسەی پاشماوەی چەکدارانی رژێمی پێشووی سووریا و 14یان کوژراون.
 
رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، "داوای دادپەروەری دەکەین، نەک تۆڵەسەندنەوە... ناکرێت هەمان رێکاری بەشار ئەسەد بگرینەبەر ئەگەر چاومان لە دادپەروەری بێت. نابێت بڵێین ئەوان وایان کرد، دەبێت ئێمەش وا بکەین."
 
ئەو شەڕ و کوشتارە، لە رۆژئاوای سووریا دەستیپێکردووە، بە ئۆپەراسیۆن بۆ لەناوبردنی (پاشماوەکانی ئەسەد) ناسێندراوە و زیاتر سنووری تەرتووس و لازقیەی گرتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سێ سەربازی سەردەمی ئەسەد کوژراون. 
 
دەستەی تەحریری شام رایگەیاندووە کە ئەوە "ئۆپەراسیۆنی جێگیرکردنی ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەیە". 
 
رۆژی چوارشەممە عەلەوییەکانی سووریا کە کەسانی نزیکی ئەسەدن، لە هەندێ شار دەستیان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرد، ئەمە دوای ئەوەبوو ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە دەستدرێژیی دەکرێتە سەر مەزارگەیەکیان لە حەلەب، بەڵام دەسەڵاتی سووریا رایگەیاند، ڤیدیۆکە پێش سێ هەفتەیە و بۆ ئاژاوەگێڕی بڵاوکراوەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە