ئەمیری کارگێڕیی پێشووی بەرەی نووسرە بە سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی سووریا دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردایەتیی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا، ئەنەس حەسەن خەتابی وەکو سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی گشتیی وڵاتەکە دەستنیشانکرد.
ئەنەس خەتاب، بە ئەبوو ئەحمەد حدوود ناسراوە، خەڵکی شاری جیروودی سنووری دیمەشقە و ئەمیری ئەمنیی گشتیی ئیدلب و دەستەی تەحریری شامە.
لەو شارانەی کە دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵی کردوون، خەتاب بووەتە سەرپەرشتیاری دەزگای ئەمنیی گشتی و دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکی سەپاندنی ئاسایش و کۆکردنەوەی زانیاری و دروستکردنی تۆڕی زانیاریی (سیخوڕی) کردووە.
ئەنەس خەتاب، لە مانگی ئەیلوولی 2014 ناوی خرایە لیستی تیرۆرەوە، بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدەوە هەبووە.
بەپێی راپۆرتی لیژنەی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەنەس حەسەن خەتاب لە سەرەتای ساڵی 2014 بووەتە ئەمیری کارگێڕیی بەرەی نوسرە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2013دا، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی بەرەی نوسرە و ئەمیری کارگێڕیی گشتیی ئەم گرووپە بووە، هەروەها بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای بەرەی نوسرە.
لە راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەش هاتووە، خەتاب، پێشتر پەیوەندیی بە رێکخراوی قاعیدەوە هەبووە لە عێراق، یارمەتیی دارایی و کەلوپەلی لێیان وەرگرتووە و چەکی بۆ بەرەی نوسرە (دەستەی تەحریری شامی پێشوو) کۆکردووەتەوە.
خەتاب یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بەرەی نوسرە لە ساڵی 2012.
ئەنەس خەتاب، پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، پۆستی بەرپرسی ئەمنیی گشتی لە ئیدلب و لەنێو "دەستەی تەحریری شام" بەڕێوەبردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەرپرسی یەکەمی دەزگای ئەمنی کە بە یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی دەستەکە دادەنرێت.
خەتاب، کەسایەتییەکی تەواو ئەمنییە و لەو کەسایەتییانەیە کە بە عەقڵی ئەمنی ناسراوە، کەسێکی زۆر نزیکی ئەحمەد شەرعە و زۆربەی کات ئەرکی پاراستنی ئەوی گرتووەتە ئەستۆ.