لە تەرتووسی سووریا 14 پۆلیس کوژران؛ 'کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی رژێمی پێشوو'

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند، هێزێکی پۆلیس کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی سوپای پێشووی سووریا، لە ئەنجامدا 14 پۆلیس کوژراون و 10 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی 26-12-2024 محەممەد عەبدولڕەحمان، وەزیری حکومەتی راگوزەری سووریا رایگەیاند، ئەو هێزەی پۆلیس لە گوندێکی شاری تەرتووسی سووریا ''کەوتوونەتە بۆسەی پاشماوەی چەکدارانی رژێمی پێشووی سووریا، لە کاتێکدا ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیان جێبەجێ دەکرد."
 
دانیشتووانی تەرتووس زۆرینەیان عەلەوین، سەر بە هەمان ئایینزای بنەماڵەی ئەسەدن، کە زیاتر لە نیو سەدە حوکمی سووریایان کرد.
 
دوێنێ زۆربەی عەلەویییەکان لە شارەکانی تەرتووس، لازقیە، حەما، حمس و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا لە دژی سووتاندنی مەزارگەیەکی کەسایەتییەکی عەلەوی لە شاری حمس خۆپێشاندانیان کرد. وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران چەند کارمەندێکیان کوژران.
 
وەزیری ناوخۆی سووریا دەڵێت، قوربانیدانەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات دەگەڕێننەوە. هۆشداریش دەداتە پاشماوەی چەکدارانی پێشووی سووریا و دەڵێت "بە دەستێکی پۆڵایین رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە، کە خۆیان لە ئاسایشی سووریا و ژیانی هاووڵاتیان هەڵبقورتێنن."
 
حکومەتی نوێی سووریا زیاتر لە هەفتەیەکە دەرگەی ناونووسینی لە هەموو شارەکانی وڵاتەکە کردووەتەوە، تائێستا زیاتر لە 10 هەزار کەس خۆیان تۆمار کردووە. ئەو کەسانە بەفەرمی لەسەر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی داهاتووی سووریا دادەمەزرێن. 
 
ئەوان خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و راهێنانیان پێدەکرێت، وانەی تایبەتیان لەبارەی بابەتە یاساییەکانەوە پێدەگوترێتەوە. لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنیشەوە؛ دەبێت بڕوانامەی خوێندنیان لەنێوان ئامادەیی تاوەکو بەکالۆریۆس بێت. هەروەها نابێت تاوانیان کردبێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە