بەشار ئەسەد: پێمان وابوو تورکیا وڵاتێکی دۆستە، بەڵام خاکی داگیرکردین


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کە بەرپرسانی ئەنقەرە بەردەوام داوای دەکەن، رایگەیاند، پێمان وابوو تورکیا دۆستمانە، بەڵام خاکی داگیرکردین و پشتیوانی لە تیرۆر کرد بۆ کوشتنی رۆڵەکانمان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا ئامادەبوو. گوتارێکی بۆ پەرلەمانتاران پێشکێشکرد و تیشکی خستە سەر داواکانی ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. 
 
بەشار ئەسەد لەو بارەیەوە دوو مەرجی خستە بەردەم ئەنقەرە و رایگەیاند، بۆ بەرژەوەندیی گەلانی هەردوو وڵات دەبێ هێزەکانیان بکشێنەوە و تیرۆر لەنێوببەن. گوتی: "بەڵام هیچ ئەنجامێک دەستناکەوێت بەبێ مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارەکان. ئێمە لە پێش و پاش جەنگیش، سیاسەتمان نەگۆڕیوە، بەڵکو لە ماوەی ئەم 13 ساڵەدا مکوڕ بووین لە پاراستنی ئاراستەکەمان بەرامبەر گەلی تورکیا وەک گەلێکی دراوسێ و خۆ بەدوورگرتن لە نیازەکانی بەرپرسەکانیان."
 
هەروەها گوتی: "بە واتایەکی دیکە، ئێمە هۆکاری گۆڕانکارییەکە نەبووین، چونکە ئێمە نیاز و ئاراستە و سیاسەتمان نەگۆڕیوە. هاوکات هێزمان نەنارد بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتی دراوسێ، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بکشێینەوە. هەروەها پشتیوانیمان لە تیرۆر نەکردووە بۆ ئەوەی رۆڵەی گەلێکی دراوسێ بکوژێت، ئەمە لە کاتێکدایە پێمان وابوو ئەوان دۆستمانن."
 
لەبارەی دانوستاندنەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان گوتی: "ئەمڕۆ دەبێ راشکاوانە قسە بکەین نەک رووبینی یەکدی بکەین لەژێر ناونیشانی ئاشتبوونەوە. هەنگاوی یەکەمی چارەسەری دەبێ، هۆکاری هەڵەکە دەستنیشان بکرێت. چۆن کێشەیەک چارەسەر دەکرێت، ئەگەر هۆکارە راستەقینەکانی نەزانین؟ خواستی راستەقینەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەوەوە دەستپێدەکات کە دەبێ هۆکارە راستەقینەکانی تێکدانی ئەم پەیوەندییە بخرێتەڕوو."
 
بەشار ئەسەد راشیگەیاند، "پێویستە [تورکیا] دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە بن کە دۆخەکەی بەم رۆژە گەیاندووە. ئەمە مەرج نییە داوای بکەین، بەڵکو پێویستییەکانی سەرخستنی پرۆسەکەیە. ئەم پێویستییانەش چەندین فاکتەری جیاواز لە خۆ دەگرێت، لە هەموویان گرنگتر مافی وڵاتانە. ئێمەش لە هەر هەلومەرجێکدا سازش لە مافەکانمان ناکەین. دەستبەرداری مافەکانمان نابین و رێگە بەکەسیش نادەین دەستبەرداری مافەکانیان بن." 
 
رۆژی 12ـی تەممووز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارتی تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا رایگەیاند، "لەو باوەڕەداین دەکرێت ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا بەدی بکرێت. لە هەموو دەرفەتێکدا هەمیشە باسمان لەوە کردووە یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی ئێمەشدایە. بونیاتنانی ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا لە هەمووان زیاتر بۆ ئێمە سوودی هەیە. گرنگترین هەنگاو لەم رێگەیەدا، دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە سووریا."
 
رۆژی 7ـی تەممووز، ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، رایگەیاند: "بانگهێشتەکەمان بۆ ئەسەد دەکەین، دەمانەوێت بەم بانگهێشتە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک رابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ. دەکرێت بانگهێشتەکەمان لەهەر کاتێکدا بێت."
 
رۆژی 28ـی حوزەیرانیش، گوتبووی: "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا. وەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە لەگەڵ سووریا پەرەمان بە پەیوەندییەکان دا، بەهەمان شێوە بەیەکەوە کار بۆ پەرەپێدانیشی دەکەین."
 
رۆژی 14ـی تەممووز، هاکان فیدان لەبارەی هەوڵی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا راگەیاند، "دۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک، بەڕاستی پێویستییان بە ئارامی هەیە و ناچارمان دەکات روو بکەینە ئاشتی و سەقامگیری. سەرۆککۆماریش لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی بانگەشەی سەرۆکی سووریا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ئاشتیی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەم بانگهێشتە زۆر گرنگە و هیوادارم وەڵامیان هەبێت و لە بەهاکەی تێبگەن."
 
گوتیشی: "دەمەوێ ئەوەش روون بکەمەوە، بانگەشەکەمان لە ئەنجامی لاوازی و ناچارییەوە نەهاتووە."
 
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021، تورکیا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. لە مانگی ئەیلوولیش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
 
رۆژی 14ـی تەممووز، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئاماری کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییە نیشتەجێبووەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیان 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 سووریایین. 1 ملیۆن و 125 هەزار و 623 کەسیان مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیان لەژێر پاراستنی کاتیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە تورکیا نیشتەجێن.