11 سەربازی حکومەتی سووریا لە هێرشێکی چەکدارانی هاوپەیمانی قاعیدەدا کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە باشووری ئیدلب، لانیکەم 11 سەرباز کوژران و 20ـی دیکەش برینداربوون. هێرشەکە چەند رۆژێک دوای هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و رووسیا بۆ سەر ئیدلب و حەلەب دێت.
چالاکڤانانی مرۆیی دەڵێن، ئەو چەکدارانەی ئەمڕۆ (شەممە، 26-8-2023) هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی هێزەکانی حکومەتی سووریا، سەر بە گرووپی ئەنسارولتەوحید و پارتی تورکستانیی ئیسلامین، کە دوو گرووپی چەکداریی هاوپەیمانی دەستەی تەحریری شام و قاعیدەن.
بەگوێرەی میدیای خۆجێیی، چەکدارەکان سەرەتا تەقینەوەیەکیان لە سەربازگەیەکدا لە باشووری ئیدلب کردووە، دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەری، لانیکەم 11 سەربازیان کوشتووە و 20ـی دیکەشیان بریندارکردووە.
دەستەی تەحریری شام چەند بەشێکی ئیدلب، حەلەب، حەما و لازقیەی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە حەوت چەکداری دەستەی تەحریری شام رۆژی هەینی بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی حکومەتی سووریا و لانیکەم 13ـی دیکە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا کوژران، ئەوە بە گوێرەی چالاکڤانان، کە هەر لەو هێرشانەی نزیک ئیدلبدا دوو کەسی سڤیلیش کوژران.
لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا، دوو چەکدار خۆیان تەقاندووەتەوە.
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حکومەت هێزی لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی دژی دەسەڵاتی ئەسەد بەکارهێنا، کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕێکی خوێناوی و چەندین هێزی دەرەکی خزانە نێویەوە.
رووسیا لە ساڵی 2015 بۆ پشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا چووە نێو شەڕەکەوە.
پارتی تورکستانیی ئیسلامی لەو چەکدارە پەڕگیرانە پێکدێت کە لە نەتەوەی ئیگۆری چینن کە لە ساڵی 2011 بۆ یارمەتیدانی دەستەی تەحریری شام چوونەتە سووریا.
ئیدلبی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان، شوێنی ژیانی سێ ملیۆن کەسە، کە نیوەیان ئاوارەکانی شوێنەکانی دیکەی سووریان.
لە ساڵی 2020ـەوە بە نێوەندگیریی رووسیا و تورکیا ئاگربەستێک لەنێوان حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان راگەیێندراوە، کە وێڕای پێکدادانی ناوبەناو، بە زۆری پارێزگاری لێ کراوە.
جەنگی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و دەربەدەربوونی نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پێش جەنگی وڵاتەکە.